یادداشتێکی بێواتای غوربەتی
29 جولای 2017 - 9:22
شناسه : 120642
بازدید 261
پ
پ

ئارام فەتحی

غوربەت چییە؟ واتایەکی ڕووکەشی نا؛ بەڵکوو ئەو ترس و بێقەرارییەی کە دەچێتە وجوودتەوە؛ ئەوەی کە بەردەوام لە خەوندای. هەموو شتەکان زیاتر لە خەیاڵ و خەون و جیهانێکی تەمومژاوی دەچن. ئەوەی کە قاچت بەسەر عەرزەوە بەن نابێت و ژێرپات خاڵییە. بێ ئەوەی کە لە دەستی خۆتا بێت لە زەینتدا جێگیر بووە کە هەر کاتێک بێت، تەنانەت سەد ساڵی تریش، هەر ئەبێ بگەڕیتەوە ئەو شوێنەی واتات پێ دەدات و ژیانەکەی ڕاستەقینە دێتە پێش چاوت. ئەگەرچی باسی زەمان خۆی قسەی زۆری لەسەرە؛ بەڵام غوربەت ئەو شوێنە و ئەو ترسە لێنەبڕاوەیە کە دەترسی لێی بمریت و خۆفێکە دەست لە بینت بەر نادات. وەک مرۆڤێکی سەرگەردانتر لە هەمیشە، کە نازانێ بۆ لەوێیە و پرسیارێکە بەردەوام لە خۆی ئەکات: من چی ئەکەم لێرا؟ نە پێکەنینی هی ئەوە و نە شەقام و نە تامی هیچ چرکەیەکی. ”هەستی” یان بوون و جیهانی هەر کەسێک بازنەیەکی هەیە. ئەو ترسەی کە مرۆڤی ئاسایی بەرانبەر بە مەرگ هەیەتی، ئەوەیە کە کاتێک ئەو ئەمرێت جیهان لە جێی خۆیەتی، هەموو شتەکان و کەسەکان بەردەوامن و تەنها ئەوە کە نییە. هاوڕێکانی دەچنەوە سەیران، دووکاندارەکان دەچنەوە دووکانەکانیان، تاکسییەکان هەر دێن و دەچن و هەموو شتێک دێت و دەچێ و تەنها ئەو نەبێت. ئەمە ڕاست هەمان ئەو ترسەیە کە مرۆڤی غوربەتنشینیش هەیەتی. بەو پێیەی کە هەستی و جیهانی مرۆڤی غوربەتنشین بازنەیەکی دیاریکراوە لە زەمان، ئاکار و ڕەوشتی تاقمێک مرۆڤ، شوێنەکان، و ئەو بەشە لە ژیان کە جیهانی ئێمەی پێک هێناوە و ئێستا بە هەر ناوێک وەک شوناس یان مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاوایی و هەر جۆرە دابەشکردن و دیاری کردنێکی دیکە. بە دابڕان و دوورکەوتنەوەی لەم شوناسە(کە دواتر هەندێکی لە شوێنێک بەناوی بیرەوەری دەگیرسێتەوە) مەرگی ئەو مرۆڤە ڕوو دەدات و هەمان ترسی ئەو کەسە دەیگرێت کە بە شێوەی فیزیکی لە جیهاندا نامێنێت. ئەستەمییەکەی غوربەتنشینی ئەوەیە کە کەسێک کە بە شێوەی فیزیکی دەمرێت ئیتر مردووە و ئاگای لێ نییە هەتا ڕەنجی دیتنی بەردەوامیی جیهان و نەبوونی خۆی بکێشێت؛ بەڵام ئەم مرۆڤە نەمردووە و بە شێوەی فیزیکی هەیە و ڕەنجی مردنی خۆی لە هەستییەکەیدا دەکێشێت و دەچێتە گیانیەوە. وەها کە ترسی هەیە لەوەی لە یادی کەسەکان بچێتەوە. یان بۆ ڕاکردن و خۆدزینەوە و هەڵخڵەتان لەو دۆخە، زەین وادار بکات ناوی هەندێک شوێن و کەسی لە بیر بچێتەوە. مرۆڤی غوربەتنشین هیچکات ئەو بەشەی ژیانی غوربەتی لە حەساباتی ژیان کردندا بە ئەژمار ناهێنێت و بە ژیانی نازانێت. بەڵکوو ئەو بەردەوام پەنا بۆ ڕابردوو و بیرەوەری دەبات و لەوێوە خۆی پێناس دەکات و لەوێوە بوونی خۆی دەسەلمێنێت. مرۆڤی غوربەتنشین تەنها شتێک کە وەک (دارایی) خاوەنیەتی، ڕابردوویەتی و لەوێوە دەیەوێت واتا بدات بە ژیانی. مرۆڤێک کە بگێڕەوەی هەمیشەییە.
ئەو دەترسێت و پێ خەمناک دەبێت ئەگەر شوێنێک یان کەسێک لە شارەکەی کەم یان زیادی کردبێت. ئەیەوێ هەموو شتەکان وەک خۆیان مابێتنەوە؛ ڕابردوویەک کە ئەم هەیەتی نەگۆڕ بمێنێت. وە ئەگەر ڕووداوێک لە نەبوونی ئەودا لەو شوێنە ڕووی دابێت، ئەستەم بتوانێ قەناعەت و بڕوا بهێنێت بەو گۆڕانە(ئەگەریش قبووڵی بکات، دیسان ناتوانێت هیچ پێنوەندییەکی عاتفی و حسی لەگەڵ بگرێت). لەبەر ئەوەی ئەو لە زەینیایە کە هەر ڕۆژێک دەگەڕێتەوە، بە تەواوی نامومکینەکانیشەوە ئاواتیەتی. بە دیتنێکی سادەش بێت، وەک ڕوانین بۆ تابلۆیەکی نەقاشی. لە ڕاستیشدا مرۆڤ لە غوربەتا باشتر ئەتوانێت خۆی ببینێ و خۆی بناسێت. وەک بڵێی لە بانێکی بەرزەوە، بەجوانی و بەتەواوی، خۆی و هەموو ژیانی ببینێ و لێکی بداتەوە. ئەو ئەتوانێ بە هەموو وردەکارییەکانیەوە ژیانی خۆی بکێشێتەوە. ئەو نایەوێ ناودارترین مرۆڤی ئەم جیهانە بێت؛ نایەوێ پووڵدارترین، دەسەڵاتدارترین، تەنها دەیەوێت ڕۆژێک لە ڕۆژان کۆتایی بە غوربەتی بێت.
ئەو ڕەنگە پەنا بۆ هەندێک بیرۆکە ببات، هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ئایدۆلۆژییەک کە بتوانێت واتا بداتە ژیانی هەنووکەی لە غوربەتدا. ڕەوتی غوربەت وەهایە کە زۆرینە دەکاتە قوربانی و ڕەنگە چەن تاکە کەسێک بخولقێن و زیندوو بمێننەوە و خۆیان ڕاگرن لە ناو ئەو گێژاو و تۆفانە کۆتایی نەهاتووەدا، بۆ ئافراندن و گێڕانەوە لە شێوازەکانی هونەر یان جۆرێکی دیکە.
بەگشتی مەفهوومی غوربەت هەڵگری زۆرێک واتایە و ئەکرێ لە چەندین ڕەهەندەوە ئاوڕی لێ بدرێتەوە؛ ئێستا ئەم غوربەتە چ وەک کۆچێکی خوازراو(مهاجرت) بێت یان وەک تاراوگە و نەخوازراو(تبعیدگاە)؛ کە بەڕای من غوربەتی خوازراو بوونی نییە و هەموو کۆچەکان نەخوازراون و ئەوەش کە وەک خوازراو دەستەبەندی کراوە، جۆرێک ناڕەزایەتی بە دۆخی هەبووە. بۆ ئێمەی مرۆڤی کورد کە دۆخی ژیانمان بە هۆی زۆرێک هۆکارەوە بەردەوام لە ئاوارەیی و دوورکەوتنەوە لە زێددا ژیمانمان بەسەر بردووە، غوربەت چەمکێکی پڕبایەخ و جێی سەرنجە. تەنانەت بەشێکی زۆر لە ئەدەبیات و هونەری ئێمە، هەر لە ئەدەبیاتی کۆن و کلاسیکەوە تاکوو هەنووکەش بەرهەمی غوربەتە. هونەرمەندی کورد وەک نوێنەر و بڵندگۆی ئەو بەشە لە ژیان و وەک ئەو تاکەکەسانەی لەو دۆخە بەقوربانی بووەدا بگێڕەوەن، هەمیشە دوورکەوتنەوەکانی بە شینگێڕی و ئەو بۆشاییە وەسف دەکات کە غوربەت بەدی دێنێت؛ بە جۆرێک کە شاعیر یان نووسەر پتری شوناسی، هەمان ئەو شتانەیە کە بە هۆی دوورکەوتنەوەوە لەدەستی داون و دەیانلاوێنێتەوە. بەڵام ئایا بە هاتنەوە بۆ لای شتە لەدەست چووەکان و بۆ زێد و شوناس، ئەو شتەی بە ناوی غوربەتەوە تووشی بووە و غوربەت لێی گرتووە بەدەستی دێنێتەوە یان غوربەت هەمیشە بەردەوامە و ئەبەدییە و تەنها شێوە و جۆرەکانی گۆڕانی بەسەردا دێت؟

 

ئەم وتارە لە ژمارەی 21ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.