ڕۆشنبیریی مه‌لا خدری ڕواری
له خوێندنه‌وه‌یه‌کی کورت‌دا
ڕەووف مەحموودپوور
پێموایه هه‌رچی به‌رهه‌می شاعێرانی ئه‌وسایین زیاتر و به سه‌رنجی جیاوازتره‌وه بێته خوێندنه‌وه، زیاتر ئه‌بنه هۆی دڵخۆشی. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئاستی هووشیاریی به‌رز و پێگه‌ی وریایی مرۆڤانیی ئه‌و شاعێرانه زیاتر دەرئەکەوێت. ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که هه‌ندێ ده‌نگ له‌به‌ر بێ ئاگایی له ده‌قه‌کان، شێعری شاعێرانی ئه‌و ڕه‌وته به که‌مته‌رخه‌م و بێ ده‌رباییس له قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن!. بەڵام تاوتوێ کردنی بەرهەمەکانی ئەو خاوەن دەقانە چەپک چەپک بابەت و نیشانەی دڵخۆشکەر و زەین هەژێنمان بۆ دەرئەخەن کە شیاوی تێڕامان و ڕاوەستە لەسەر کردنن.
لێره‌دا و له خوێندنه‌وه‌یه‌کی کورت‌دا (که وه‌ک به‌شێکه له پرۆژه‌یه‌کی درێژخایه‌ن و به‌رفراوانتر)، دیمه‌یه‌ک له ڕۆخساری ڕۆشنبیریی و به‌ته‌رخه‌میی شاعێری سه‌وداسه‌ری ڕواریی” مه‌لاخدری ڕواری” ئه‌خه‌مه به‌رسه‌رنجی هۆگران.
مه‌لاخدری ڕواریی، که له ده‌وروبه‌ری ساڵی1150ک.م له دایک بووه، کەواتە ژیانی ئەو پایەبەرزە بۆ سەدەی دوازدەهەم و ڕەنگە سەرەتاکانی سەدەی سێزدەهەمی کۆچی مانگیش بگەڕێتەوە. خاوه‌ن چه‌پکێ به‌رهه‌می به نرخه که له‌م ساڵانه‌دا به هه‌وڵی به‌ڕێز جه‌میل فاروقی و له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپ و په‌خشی ئێحسان له تاران چاپ و بلاو بوونه‌وه. ئەو بەرهەمانەش بریتین لە: دەوڵەتنامە، ڕۆڵەبزانی،ئێقباڵ نامە،زەمانەی ئەندەن و پەراوێزێک لەسەر ژیانی مەلاخدر کە لەلایەن بەڕێز فاروقیەوە ئامادە کراوە. هۆگران ئەتوانن بۆ ناسینی زیاتری ئەم پایەبەرزەکتێبەکانی بەسەر بکەنەوە.
لە شرۆڤەیەکی تایبەتدا من وام بۆ دەرکەوت کە مەلاخدر ڕۆحێکی بەرز و هەستێکی ناسک و بیرێکی ڕەخنەگرانەی هەبوە. بەتایبەت کە جاروبار خۆی لە قەرەی تەزنیش داوە و بۆ دەربڕینی ڕەخنەکانی بەکاری هێناوە.
به ڕوومه‌تی به‌رهه‌مه‌کاندا واپێده‌چێت که مه‌لاخدر له چۆنیەتی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی سه‌رده‌می ناوچه‌که و ڕه‌نگه به‌رفراوانتریش، چه له ئاستی گوزه‌رانی تاک و چه له ڕه‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ناڕازی بووبێت. هه‌ربۆیه چاکی به‌لادا هه‌ڵکردوه و تا ئه‌و ئاسته‌ی پێی کرابێت خه‌ڵکی بۆ باشتر کردنی ژیان و گوزه‌ران، هانداوه و ڕێنموونی کردوون. له‌و ڕێگایه‌شدا جاروبار به‌گژ نه‌ریتەکاندا چووگه‌سه‌وه و جاروباریش خۆی له باوه‌شی ئه‌و نه‌ریته‌دا دیتوه‌ته‌وه.
لێره‌دا ئاماژه به کۆپله‌یه‌ک له هۆنراوه ئامۆژگارییه‌کانی ئه‌که‌م که له ده‌فته‌ری “ده‌وڵه‌تنامه”دا ده‌سچنم کردووه و پاشان به‌کورتی لێکیان ئه‌ده‌مه‌وه:
مه‌که‌ر به عاده‌ت بڕیه‌و دره‌ختان
تا به‌زوو نه‌نیات ئه‌و سه‌روو ته‌ختان
دره‌ختبڕ مه‌بۆ که‌م زینده‌گانی
هه‌ژاری مارۆ نه‌چیره‌وانی
په‌ی کۆتایی عومر؛ زوڵمی زیاده
سه‌به‌به‌ن. زاڵم مه‌شۆ بێواده
ده‌وره‌ی زاڵمان کۆتا مه‌نزڵه‌ن
نامش مه‌مانۆ هه‌رکه‌س عادڵن
له‌م ده‌قانه‌دا له‌گه‌ل ڕوانگه‌یه‌کی شارستانیانه و مرۆڤانیی ڕووبه‌ڕووین. ڕوانگه‌یه‌ک که له چه‌ند دێڕدا هانایه‌کی ئینسانی به‌رز ئه‌کاته‌وه و له هه‌وڵدایه تا ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ر له خه‌واڵوویی ڕاپه‌ڕێنێت.ئه‌کرێ ئه‌م ڕوانگه‌یه له دوو ئاراسته‌ی جیاوازه‌وه بخرێته به‌ر سه‌رنج:
یه‌که‌م: ئاراسته‌ی ژینگه‌پارێزی و سرۆشت ویستی
ئەگەر ساڵانێک پێستر سەعدی شیرازی ئەڵێت:
میازار موری کە دانەکش است
کەجان دارد و جان شیرین خوش است
ئەوا ماموستا مەلاخدری ڕواریش لە سەردەمی خۆیدا هەست بە گرنگی و بایەخی ژینگە ئەکات و بوونی درختبڕ و زاڵم و چارەنووسی درەخت و مرۆڤی مەزڵووم پێکەوە ئەخوێنێتەوە:
مه‌که‌ر به عاده‌ت بڕیه‌و دره‌ختان
تا به‌زوو نه‌نیات ئه‌و سه‌روو ته‌ختان
دره‌خت بڕ مه‌بۆ که‌م زینده‌گانی
هه‌ژاری مارۆ نه‌چیره‌وانی
وه‌ک له ڕوانگه‌یه‌کی هه‌نووکه‌ییه‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌کرێته‌وه؛ سه‌رنجدان به ژینگه و به‌ته‌رخه‌م بوون له‌و بواره‌دا، ئاستی شارستانیه‌ت و پێگه‌ییشتوویی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگا پیشان ئه‌دات. به‌ڵام مه‌لاخدر له‌سه‌رده‌مێکدا وه‌ها بانگه‌شه‌یه‌ک به‌رز ئه‌کاته‌وه که وه‌ها بیرۆکه و هزرێک به خه‌یاڵیشدا نایه‌ت و دوور نیه خه‌ڵکانی ئه‌و سه‌رده‌مه پێیشی پێکه‌نیبن؟!به‌ڵام ئاستی هووشیاریی ئه‌و،هانده‌ری سه‌ره‌کی بووه بۆ ده‌ربڕینی وه‌ها بیرۆکه‌یه‌ک. ئه‌وه‌تا که به زمانێکی ساکار و به شێوازێکی جه‌ماوه‌رپه‌سه‌ندانه، بانگه‌شه بۆ پاراستنی ژینگه ئه‌کات و هاوکات دوو جه‌مسه‌ری ژینگه؛ دره‌خت و گیانله‌به‌ری کێوی، به هه‌ده‌ف ئه‌گرێت و له قه‌ڵاچۆ کردنیان خه‌ڵک ئه‌سڵه‌مێنێته‌وه. سڵه‌ماندنه‌وه‌که‌ش دوو بوار ئه‌گرێته‌وه که به‌پێی ئاستی تێگه‌ییشتوویی ئه‌و سه‌رده‌مه له‌وانه‌یه به کارامه لێک درابێتنه‌وه: مه‌رگ و هه‌ژاریی.
سه‌رنج له‌وه‌دایه که له‌و سه‌رده‌مه‌دا و له کولتووری ئه‌و خه‌ڵکانه‌دا، ڕاو کردن و نه‌چیره‌وانی! وه‌ک به‌رزترین ئاستی ڕابواردن و به‌که‌یفیی لێک دراونه‌ته‌وه و وەک جۆرێک هونەر و پیشە مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ل کردوه. له شێعری شاعیرانی دیکه و گۆرانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌شدا پێگه‌یه‌کی به‌رین و به‌رچاوی پێدراوه. به‌تایبه‌ت چینی باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵگا و دیوه‌خان نشین، خووی زیاتری پێداوه. به‌ڵام چاونه‌ترسی و لێهاتوویی و هزربه‌رزیی وه‌های کردوه که مه‌لاخدر ڕێبازێک بکاته‌وه که به سه‌دان ساڵ دواتر، ڕۆڵه‌کانی له ئه‌نجۆمه‌نی سه‌وزی چیادا به کردوه‌ی بکه‌ن!.
مەلا خدر بانگەشەی ئەوە ئەکات کە درەختبڕ کەم عومرە و زوو ئەمرێت. ڕاوچیەتیش هەژاری بەدواوەیە. وەک هەنووکەش ئەڵێن: ڕاو کردن ڕەجاڵی ئەهێنێ.
ئەو نەریتەی مەلاخدر، کارێکی جێگای پەسەندە. چوونکوو بە پێی ئاستی تێگەییشتوویی جەماوەر دەست بۆ بابەتەکە ئەبات و مامەڵە کردنەکەی شێواز و میتودی گەنجاو هەڵدەبژێرێت. ئەمەش لەو پێناوەدایە تا هەرچی زیاتر خاوەن کاریگەری بێت.
دووهه‌م: ئاراسته‌ی ماڤپارێزی و وه‌ستانه‌وه دژ به سته‌م
په‌ی کۆتایی عومر؛ زوڵمی زیاده
سه‌به‌به‌ن. زاڵم مه‌شۆ بێ واده
ده‌وره‌ی زاڵمان کۆتا مه‌نزڵه‌ن
نامش مه‌مانۆ هه‌رکه‌س عادڵه‌ن
ئه‌بینین که له‌و دوو دێڕه‌دا، ڕاشکاوانه و به دڵ و جه‌رگی پۆڵایینه‌وه دژ به سته‌م و سته‌مکاران ئه‌وه‌ستێته‌وه و پشتیوانی له عه‌دڵ و عه‌داڵه‌ت ئه‌کات. ئه‌مه‌ش ڕه‌هه‌ندی مرۆڤانیی و مرۆڤ دۆستی ئه‌گرێته‌وه و پیشانده‌ری به‌رزیی ئاستی هووشیاریی و لێهاتوویی کۆمه‌ڵاته‌یی مه‌لاخدری ڕواریه. لێره‌شدا زۆر سه‌رده‌میانه و به زمان و شێوازێکی سه‌رده‌میانه، به‌گژ زۆڵم و زاڵمیدا ئه‌چێته‌وه و بانگه‌شه‌ی ئه‌رێنی بۆ عه‌دڵ و عه‌داڵه‌ت ئه‌کات.
کۆمای ئه‌و دوو ئاراسته‌یه ئه‌وپه‌ڕی هزری مرۆڤ دوستی و مافپه‌روه‌ری شاعێرمان بۆ به‌دیار ئه‌خات. دوو دیارده‌ی ژینگه‌پارێزی و سته‌م بێزیی، کۆمه‌ڵگایه‌کی پڕ له کامه‌رانی بونیاد ئه‌نێن و ژیانێکی ئاسووده بۆ تاکه‌کان پێک ئه‌هێنن. ئه‌مه‌یه سه‌رنجی شاعێرێکی ئێمه‌ی سه‌دان ساڵ پێش!!!.
لێکدانه‌وه و گه‌نگه‌شه‌ی قووڵایی ئه‌م هزره خولیایه‌کی پڕسۆمان بۆ به‌دیار ئه‌خات که هه‌م جێگای شانازیه و هه‌م به‌دواداچوون. جێگای شانازیه که له وه‌ها سه‌رده‌مێكدا شاعێرێکی ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان بانگه‌شه بۆ دوو به‌ها ئه‌کات و دوو حه‌ز به بنه‌ما ئه‌گرێت و هه‌وڵ ئه‌دات سه‌رنجه‌کان به‌ره‌و ئه‌و دوو به‌هایه بخونچێنێت و ڕاکێشیان بکات: به‌های یه‌که‌م: ژینگه پارێزیه. ئه‌مه‌ش پیشانده‌ری کرانه‌وه‌ی عه‌قڵ و تێڕامان له سه‌رچاوه‌کانی مانه‌وه و سعاده‌ت و ئاسووده‌یی مرۆڤه. به‌های دووهه‌م: مافپارێزی و وه‌ستانه‌وه دژ به زوڵم و سته‌م. که ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ بانگه‌شه‌ی هزری مرۆڤانیی و مافپارێزیه و یه‌کسانی و سعاده‌تی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگایه.
به باوه‌ڕی من زۆم کردن به‌سه‌ر ئه‌و دوو به‌هایه‌وه “ژینگه‌پارێزی و سته‌مبێزی” ئه‌وپه‌ڕێ جووڵه‌ی هزر و ئاوه‌زه به‌ره‌و کامه‌رانی و سعاده‌تی ئینسانی. ڕه‌نگه هه‌مان بنه‌ما بێت که وه‌ک ئۆمانیسم پۆلێن کراوه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه گه‌ره‌کمان بێت گه‌نگه‌شه‌ی ئه‌و هزره قووڵه بکه‌ین، ئه‌وا ئه‌کرێ له دوو ڕه‌هه‌نده‌وه باسه‌که داڕێژ بکه‌ین: یه‌که‌م: هۆکار و بنه‌ماکانی سه‌رهه‌ڵدان و ئاخێز کردنی وه‌ها هزر و ڕوانگه‌یه‌ک له‌لایه‌ن مه‌لایه‌کی گوندێکی دووره‌که‌وته‌وه. له ڕاستیدا هه‌وڵ و جمه‌کانی من بۆ ئه‌م بابه‌ته، به‌و ئاکامه‌یان گه‌یاندم که قووڵترین و به کاریگه‌رترین بنه‌ما بۆ ئه‌و هزره، پێشینه و پاشخانی ئه‌و هزره، بنه‌مای کولتووڕیه. ته‌نانه‌ت بنه‌سۆکانی ئه‌و کولتووره هه‌نووکه له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که‌شدا ماوه‌ته‌وه وهه‌نووکه‌ش خاوه‌ن کاریگه‌ری و ئه‌کتیڤه. بۆ نموونه؛ هه‌نووکه‌ش به‌شێک له دار و دره‌ختی خۆڕسک لای خه‌ڵکی خاوه‌ن پێگه و پیرۆزایه‌تین بڕینیان بڤه‌ی کولتووریه. بۆ نموونه داره وه‌ن(به‌ن، قه‌سوان، کێکف، …) هه‌روه‌ها بۆ که‌ندن و که‌ڵک وه‌رگرتن له گژوگیاش ڕێسای تایبه‌ت هه‌یه که بگره له لێکدانه‌وه‌ی سه‌رده‌میانه‌دا له پێناو مانه‌وه‌دا زانستیش بێته به‌رچاو. ئه‌مه‌ش به‌شێکه له دیارده‌کانی ئه‌و پاشخانه. ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فی و باوه‌ڕێشه‌وه بکه‌وینه هه‌لپرژێواندن ئه‌وا ده‌سمان له ناو ده‌قه پیرۆزه که‌ونارایه‌کاندا به‌سراو نابێت.
لێره‌دا پرس و داخێکیش سه‌وز ئه‌که‌مه‌وه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئاخۆ بۆچی ئێمه له ئاست ڕا و بۆچوونی خاوه‌ن هزرانی خۆمان بێ منه‌تین و قه‌د به بنه‌مایان ناگرین. بۆ نموونه: سه‌عدی ئێژێ: ئه‌گه‌ر ده‌وله‌ت بایه‌دت ئاراسته، مه‌ده کار موعه‌زه‌م به نه‌وخاسته. به‌ڵام ئیدی که‌س شۆنگیریی بۆ ئه‌و بۆچوونه نه‌کرد، که‌س به‌دواداچوونی نه‌کرد که ئاخۆ ده‌وله‌تی ئاراسته کامه‌یه؟ مه‌به‌ست له کاری موعه‌زه‌م چه کارگه‌لێکه؟ یان که‌س و چینی نه‌وخاسته، کامانه‌ن و خاوه‌ن چه تایبه‌تمه‌ندیه‌کن؟! بگره ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره کرابایه، ئه‌مڕۆ کولتووری ئێرانی خاوه‌ن پاشخانێکی مه‌زنی مودیریه‌ت ئه‌بوو که به تیۆری و هزره‌وه خۆی پڕچه‌ک ئه‌کرد.
لێره‌ش هه‌مان دۆخ دووباره‌یه. پاش ئه‌و بپچوونه گه‌ورانه‌ی مه‌لاخدر، ئیدی که‌س به‌دواداچوونی بۆ نه‌کردوون. که‌س ئاوری لێنه‌داونه‌ته‌وه، هیچ حاکمێک به بنه‌مای نه‌گرتوون و……
ئاخۆ که‌مته‌رخه‌م بوون له‌ئاست ده‌قی به‌جێماوی شاعیرانی ئه‌وسایینی ئێمه، له هه‌مانه‌ی هووشیاریی و تێگه‌ییشتوویی ئه‌وان بێبه‌شمان ناکات؟! زیاد له‌وه‌ش، ئاخۆ نامانخاته هه‌ڵه‌یه‌کی کوشه‌نده و جه‌رگبڕه‌وه کاتێ له‌وپه‌ڕی بێئاگایی له دووتوێی ده‌قه‌کان، شاعێره‌کان به فیته‌ی هه‌ست و هه‌وه‌سی خۆمان تۆمه‌تبار ئه‌که‌ین و ئه‌یانخه‌ینه به‌رپرسیاری ناڕه‌واوه؟!.
لێرەدایە کە من بەش بەحاڵی خۆم لەئاست بەرزیی ئەو هزرەدا سەری ڕێز دائەنەوێنم و وەک بەشێک لە سامانی فکریی و ڕۆشنبیریی جیهانیی لێکی ئەدەمەوە. دڵنیام ئەگەر ئەو هزرە لە نێو گەلانی تێگەییشتوو و پێگەییشتوو و نرخزاندا بوایا، ئەوا بە دڵێکی فراوان و هزرێکی بەرزەوە بە بنەمایان ئەگرت و بۆنەیان بۆ ڕێک ئەخست و فستواڵیان لەسەر ئەگرت.
لە وەها ڕوانگەیەکەوە پێشنیاز ئەکەم وەک ڕەمزێکی ژینگەپارێزی و ستەم ستێزی، بۆ بە بنەماگرتنی ئەم یادە هەنگاو بنرێت.
ئەم بابەتە لە ژمارەی 21ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.








ثبت دیدگاه