جنسییەت، بڤەیەکی مێژوویی
16 آگوست 2017 - 17:44
شناسه : 120689
بازدید 95
پ
پ

موحەمەد دانش


بێ گومان قۆمانی کارەساتێ لە چەشنی “ئاتنا” نە ڕێکەوتێکی کوتووپڕ و بێ کاریگەری لە ژینگەی دەوروو بەر بوو، نە تایبەت بە کۆمەڵگایەکی دیاری کراوە. دەسدرێژی جنسی بۆ سەر مناڵان کەسابەتی مافیاگەلێکی گەورەن کە لە ئاستی هەموو دنیا چالاکن.
خۆ وێنا کردنی کۆمەڵگای خۆت لە دورگەیەکی سەربەخۆ و بێ بەری لە کاریگەرییەکانی کۆمەڵگاکانی تر و ڕووداوەکانی تری دنیا، هەڵەیەکی کوشندەیە کە دەرەنجامەکەی تێکچوونی هەموو هاوسەنگییەکانی کۆمەڵناسییە.
لە کوردستانیش نموونەی ئەو شتانەمان بوە و ئەیشمانبێت، کۆمەڵگای کوردییش، وەکوو هەموو نموونەکانی جیهانی سێهەمییەکانی تر، “جنسییەت” تابۆیەکی بڤە و نامۆ بوە، میدیای کوردی کەمترین کاری مومکینی لەسەر ئەو شتانە کردوە، کتێبخانەی کوردی لەو بارەوە ئێجگار لاوازە، ڕۆژنامە لۆکاڵەکانی کوردستان ئاوڕ لە جنسییەت نادەنەوە، لە سەرووی هەموویەوە زانیاری گشتیی خەڵکی ئێمە لەسەر جنسییەت و سێکس لە ئاستێکی ئێجگار نزمدایە.
ئەوەی کە جنسییەت بوەتە تابۆیەکی بڤە و کەس ناوێرێ خۆی لە قەرەی بدات، خەسارگەلی گەورەی لێ بوەتەوە، چونکە هەموو شتێک نامۆیە و لە بازنەی تاکەکەسیدا ئەمێنێتەوە، هەموو ئەو شتانەی پێوەندی هەیە بە جنسییەتەوە ئەبێتە شتێکی نهێنی و باس کردن لێی لە ژینگەی گشتیدا نەشیاوە.
کارەساتەکە لەوێوە دەس پێ ئەکات کە حەریمی تاکە کەسی و حەریمی گشتی پێگەیان تێکەڵاو و جار و بار پێچەوانە ئەکرێنەوە، جنسییەت بازنەیەکی ئەوەندە گشتییە بە بەر بڵاوی هەموو مرۆڤەکان، کەوابێ شتێکی تیا نییە بۆ نامۆیی، خۆ بواردن لە پرۆسەی فێرکاری پرسگەلی جنسی، تەنیا خۆ خڵەتاندنێکە بە قازانجی کارەساتگەلێ لە چەشنی ئاتنا و ئاتناکانی تر. جنسییەت بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە؛ فیزیکی، بێهداشتی، دەروونی، سێکس و … وتەزایەکە کە ئەبێ زۆر ڕوون و ئاشکرا لە ناوەندە فێرکارییەکان و پەروەردەی بنەماڵەدا باسی لێ بکرێت.
نەریت یەکەم کۆسپە لە بەرامبەر ئەوەی کە جنسیەت بە شێوەی خۆی مامەڵەی لەگەل بکرێت. لە کۆمەڵگایەکدا کە جنسییەت پتانسیەلی ئەوەی هەیە بکرێتە ئامێرێک بۆ ئەتکی حورمەت و ڕووخاندنی کەسایەتی تاک و بنەماڵە، ئەو کاتە ئیتر ناتوانی سەربەخۆ پێناسەی بکەیت، بەڵکوو بەردەوام لە ژێر کاریگەری ڕەهەندەکانی تردایە و بە کردەوە ئەبینین خۆی ئەخرێتە پەراوێزەوە.
دەوری جنسییەت جۆراوجۆرە و لە ڕاستیدا تەنیا دەوری خۆی ناگێڕێ، جنسییەت ئەبێتە قەڵغانی ئابڕوو و کەرامەتی بنەماڵەو عەشیرەیەک، ئەگەر لە درێژە و حەز و چاوەڕوانی ڕای گشتیدا کردەوە و دژکردەوەی نەبێت، کارەساتی لێ ئەکەوێتەوە، چاوەڕوانییەک کە زۆر وەخت هیچ پێوەندییەکی بە کردەوەیەکی جنسی سروشتییەوە نییە.
جنسییەت پیرۆزیی پێ ئەدرێت، سوێندی پێ ئەخورێ! کارکردێکی تایبەتی بۆ پێناسە ئەکرێت و ڕەچاو کردنی ئەوە ناو ئەنرێ پاراستنی شوناسێکی دیاری کراو کە کۆمەڵگا و بنەماڵە و دەسەڵات بۆتی ئەتاشن. ئەم عەقڵیەتە بەرگرە لەوەی کە ئەگەر دەسدرێژیێکیش ڕوویدا بنەماڵەکان ئامادە نەبن پەنا بەرنە یاسا و لە ناوەندە دادوەرییەکان دوای مافی قوربانی بکەون، لە زۆربەی هەرە زۆری کەیسی لەم چەشنە دوو ڕێگە ئەگیریەتە بەر، یا بێدەنگ ئەیهێڵنەوە یا هەوڵ ئەدەن لە ڕێگەی نواندی توندوتیژی فیزیکیی تاک یا دەورووبەرانی قەرەبووی بکەنەوە.
بێدەنگ هێشتنەوەی ئاقارگەلی وەکوو ئەگەری دووپات بوونەوەی، گۆشەگیر بوون و خەمۆکی قوربانی، هەوڵدان بۆ خۆکوشتنی قوربانی و … زۆر شتی تری لێ ئەکەوێتەوە. ڕێگەی دووهەم، زیاتر لە دۆخێکدا ئەقەومێ کە قوربانی ئامادە بێ ڕوودانی دەسدرێژی بە لای بنەماڵە و دەورووبەرانییەوە باس بکات. کوشتن، لێدان، باج سەندن و تەنانەت تۆڵەی بەرانبەر کردنەوە(دەسدرێژی بنەماڵەی قوربانی بۆ سەر ئەوان) و … ئەو شتانەن کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕوویان داوە.
ئەتوانین بڵێین کە سیستمی پەروەردە هیچ بەرنامەیەکی تۆکمەی نییە بۆ فێرکاری جنسی لە فێرگەکاندا، لە خوێندنگاکاندا هیچ باسێکی لەسەر ناکرێ و بە شێوەیەکیش باس کردنی بە ئاشکرا ڕێگەپێنەدراوە، یان لانی کەم باو نییە. لێرەدایە کە پێویستی بەڵگەنامەی ٢٠٣٠ دێتە ئاراوە، یونسکۆ لەو بەڵگەنامەدا ئاماژە بەوە ئەکات کە پێویستە هەموو مێرمنداڵان بە پێی داب و نەریتی کۆمەڵگای خۆیان پرۆسەی فێر کردنی پرسگەلی جنسی تێیدا بەڕێوە بچێت. لە ڕوانگەی یوونسکۆوە لە دنیای ئەمڕۆدا ژمارەیەکی کەم لە مێرمنداڵان و لاوان، زانیاری پێویستییان هەیە بۆ ژیانی جنسی خۆیان، کە ئەمە ئەتوانێ ببێتە هۆی کۆمەڵێ خەساری وەک دەسدرێژی، ئازار، چەوساندنەوە، دووگیانبوونی نەخوازراو و نەخۆشینە گیرۆدەکان کە لە ڕێگەی پێوەندی جنسییەوە ئەگوازرێتەوە.
دیارە ئەگەر لە دۆخێکی وەهادا کچێکی 9 ساڵان تووشی کونشێکی سروشتی لەشی خۆی بە ناوی پریۆد بوون ئەبێت، کامە سیستمی پەروەردە هەیە بۆ ئامادە کردنی ئەو منداڵە کە ڕووبەڕی ئەو گۆڕانکارییە فیزیکییە ئەبێتەوە؟ بێهداشتی جنسی چۆن فێر ببێت؟ لە کام فێرگەدا بۆی باس کراوە کە بڕێ شوێنی لەشی تاکە کەسییە و کەس بۆی نییە بێ ئیجازەی خۆی بیبینێت یان دەسی لێ بدات؟ ئەمانە لە کاتێکدایە کە ناوەندە فێرکاری و فەرهەنگییەکانی ڕۆژاوا خەریکی بەرنامە داڕشتنن بۆ ئەوەی، گەرایشە جنسییەکانی تری کۆمەڵگا ڕوون بکەنەوە بۆ منداڵان و لەسەر مافی کەمینە جنسییەکان بۆیان بدوێن. ئەو کەمینە جنسییانەی کە بێ گومان لە کۆمەڵگای ئێمەیشا هەن و ڕەنگە دەیان ساڵی تر بوێرییان نەبێ لە مەیدانی گشتیی کۆمەڵگادا خۆیان دەرخەن و بوونییان دەربڕن.

لە ژمارەی 22ی مانگنامەی چیا چاپ کرناوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.