مەزراکەم فرۆشت
خەو لە چاوانم زڕاوە
لە بەر خاتری بۆقەکان . . .
هۆکۆشی ( ۱۷۱۸ – ۱٦٦٥ ) ٭
عەتا وەلەدی
دوابەدوای پەرەسەندنی بارستایی شار، بەشێ لە زەوی و زارە کشت و کاڵیە پێشووەکانی دەورووبەری شارەکان لە ماستر پلانەکاندا دەکڕدرێن بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە شار . لە جێی سەوزایی مەزراکاندا، هەر ئاجۆر و بلۆکە هەڵدەچێ و ڕەشیایی قیرتاو جێی سەوزاییە سروشتیەکان دەگرێتەوە ، تازە بە بێ لە بەرچاو گرتنی ئەو بەشەی کە لە لایەن خاوەنزەوی و زار و دەڵاڵەکانەوە پارچە پارچە دەکرێ و بە شێوەی نایاسایی دەلکێندرێن بە شارەوە .
هایکۆنووس – چ وەک خودی خاوەن زەوی و چ وەک مرۆڤێکی تری خاوەن زەوییەکە جگە لە خۆی – باری نالەباری ژیان، مەزراکەی پێفرۆشتووە و ڕەنگە لە فرۆشتنی مەزراکە قازانجێکی مادیشی کردبێ ، بەڵام کە شەو چووەتەوە ماڵەوە بیری کەوتووەتە چ دۆڕاندانێکە! دۆڕانی دۆخی مرۆڤێکی بەرهەمهێنەر وا ڕێز لە ژیان تەنانەت ژیانی گیانلەبەرانیشی دەگرت بۆ مرۆڤێکی لەوانەیە مشەخۆری چاو لە دەست و لارەمل . . .
ئەوەی خەوی لە چاوانی ڕفاندووە؛ یەکەم فەوتان و نەمانی بۆقەکانە وەک هێمایەک بۆ داڕمانی سروشتی بلاوێن و دەنگی گیانلەبەرانی سروشت و گۆڕینەوەی بە قیژەی ناکاوی تۆرموز و ویراژ ، دووهەم تێداچوونی بیرەوەرییەکانی
مرۆڤێکە وا لە مەزراکەیدا بەردەوام گوێی لە قیڕەی بۆقەکان بووە. ئەم مرۆڤە باش دەزانێ قازانجە مادییەکە قەرەبووی هێمنیی دۆڕاوی ڕۆحیی بۆ ناکاتەوە و پەرەسەندنی نائاسایی و نایاسایی شار، مەزراکەی ئەمیش دەگۆڕێ بە هەندێ ساختمانی سیمانیی بێ ڕۆح و بەری لە بیرەوەری، وای دادەنێت شار نەک تەنیا بیرەوەرییەکان، کە بۆقەکانیش دەکوژێ و تەنگ بە گیانلەبەرانی ئەو جێگایە هەڵئەچنێ و مەحکوومن بە تیاچوون .
لە بەر ئەوەی شار لە ڕۆژهەڵاتی زەویدا بە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی بێچمی نەگرتووە و ئیرادەی سازبوونی شار نە ئیرادەی شارۆماندگەلێک بە ناسینی کەوشەنی خۆیان و ڕێز لە بەرامبەرەکەی بۆ ژیانێکی شاریانە بە هەموو خۆشی و بەرپرسیارییەکانیەوە، بەڵکوو لە بڕیارێکی نیوەچڵی ناوەختدا، بووە بە شارنشین. کەلێنێکی گەورە لە نێوان دوو چەمکی شار -نشین و شارۆ – مەند ، دایە کە ئەو بۆشاییە؛ ئاگایی، ناسین و بەڕێوەبردنی مافی شارۆمەندی ، ڕێزی یاسا شارییەکان، ڕێزگرتنی دوولایەنە و . . . پڕی دەکاتەوە . یادی بە خێر پرۆفیسۆر پەرویزی کەردەوانی هەمیشە دیگوت: شار لە لای ئێمەدا گوندێکی پەرەسەندووی کۆی چەند گوندە .
پێموایە شار لە لای ئێمەدا لە غیابێکی گەورەدایە و تا دانیشتوانی بڕیاری شارۆمەندی لە گەل واژۆ نەکەن نایەتە ئەرزی واقعەوە، هەر بۆیه لەم گوندە پەرەسەندووەدا هەر کەسەمان و بەشێ لە گوندەکەی خۆیی گوێزاوەتەوە و لکاندوویە بە چمکێکی ئەم بەناو شارەدا و هەر نێوی گوندەکەی خۆشمان لێناوە ! لەم دواییانەشدا خەریکە ڕووداوێ ڕوو ئەدا و لە قەراخی شارەکانەوە! قەبرستانی تایبەتیی گوندەکان! جودا دەکرێنەوە و حەسار بۆ دەکێشرێت؛ بە ناوی قەبرستانی تایبەتیی گوندی . . .
تۆ بڵێی ئەم کارە لە ناخی خۆیدا هەڵگری ئەم پەیامە نەبێت؛ کە خەڵکینە ئێمە بە زیندوویی تێکەڵتان نەبووین و ئەوا مردووکانیشمان تێکەڵ بە مردووەکانتان نابێت !
هیوادارم خەڵک بەخۆدا بێنەوە و نەبێ بە پەتایەک و تەشەنە نەکات .
تازە لە دێوە هاتبووینە شار! دایکم پێی دەگوتین ڕۆڵە گیان، شارەدێ و کێ بە کێ؟!
ئێمەیش دوومڕەکانێ لێی وێسابووینەوە، نا، وانیە دایە !
زۆری خایاند تا لە واتای ئەو وتە کورتەی دایکم تێگەیشتم .
شار بۆ بەرەی ئێمە، نەک سازێنەری بیرەوەری، کە بکوژی بیرەوەرییەکانی منداڵیشمان بوو ، نەبوو !؟
دایە !
شا ئەم شارە !
تیزانگەکەی لێ ڕفاندین و تەڵدڕووەکانیشی نایدەنەوە !
٭بهترین هایکوهای دنیا، جمع پریشان بهترین هایکوها / بە روایت کاوە گوهرین، کتابسرای نیک، چاپ اول، تهران، ۱۳۸۸ ص ۱۰۰
ئەم بابەتە لە ژمارەی 22ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە[divider]








ثبت دیدگاه