منداڵان و خوێندنەوە
19 آگوست 2017 - 14:14
شناسه : 120708
بازدید 475
پ
پ

خەلیل خاوەریان

خوێندنەوە زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ و پێویستییەکی گرنگی ژیانە. مرۆڤ چۆن بۆ مانەوە و ژیان پێویستی بە خواردن و خواردنەوەیە، هەر بەو شێوازەیش خوێندنەوە خۆراکی مێشکە، بۆ گەشە کردنی هزر و بیر و هۆشمان. خوێندنەوە باشترین وەرزشی مێشکە کە دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنی لە سەر گەشەکردنی مرۆڤ ببێت.
کتێب خوێندنەو، پیویستییەکی گرنگی منداڵان
منداڵان حەز و هەستیان جیاوازە، هەندێ لە منداڵان بە شێوەیەکی سروشتی حەزیان لە خوێندنەوەیە و بەڵام هەندێکیان کتێب و خوێندنەوە هیچ گرنگییەکی نییە بۆیان. هەموو دایک و باوکێک حەز بەوە ئەکەن کە منداڵەکانیان ژیر و خوێندوار و لێهاتوو بن و لێره‌دا گرنگە کە بزانین هەر ئەوانن ئەتوانن خوێندن بکەن بە بەشێک لە حەز و خولیای جگەرگۆشەکانیان. هاندانی منداڵان بۆ خوێندنەوە کارێکی زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی منداڵ متمانەی بەخۆ بوونی زۆرتر بێت، بەهێز دەربکەوێت و کەسایەتییەکی باش لە خۆیاندا دابمەزرێنن. گرنگترین کۆڵەکەی ڕۆشنبیری لە مرۆڤدا خوێندنەوەیە و بۆ ئەوەی منداڵانمان بە ڕۆشنبیرییه‌وه‌ ئاراستەی ژیان بکەین پێویست بە چاندنی حەز و خۆشەویستی خوێندنەوەیە لە قۆناغی سەرەتایی ژیانیاندا. باشتر وایە کە لە ڕێگای ئاشنا کردنیان بە کتێب و گۆڤار و ئامێری فێرکاریی تایبەت بە منداڵان جگەرگۆشەکانمان هۆگری خوێندنەوە بکەین. خوێندنەوە ئەتوانێ هەموو مرۆڤێک بە تایبەتی منداڵان هان بدات کە بگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو و هەموو جێگایەک لە چوارچێوەی کتێبه‌وه‌ بناسن و ئەتوانن داهاتووی خۆیشیان بە ئه‌زموون گرتن لە خوێندنەوە بە باشی بونیاد بنێن.
دایکان وەکوو یەکەمین مامۆستای ژیان ئەتوانن بە خوێندنەوەی چیرۆک و هۆنراوە و کتێب و گۆڤاری تایبەت بە منداڵان، ڕۆڵی گرنگ بگێڕن لە هۆگرکردن و ئاشنا کردنی منداڵانیان بە خوێندنەوە. دەربارەی رۆڵی ئەرێنیی دایکانێک کە پێشەنگن لە خوێندنەوەدا بۆ منداڵەکانیان شاعیرێکی ئینگلـیزی لە هۆنراوەیەکدا بە ناوی(دایکی خوێنەر)ەوە دەڵێ:

دەشـــــێ ســــامانێکی شـــاراوەی ڕاســــــتیـت هــــەبێ
قوتـــوویەک پـــڕ لە دوڕ و سەنــووقێ زێــڕت هــــەبێ
بـەڵام هـەرگــــــــیز لە مــــن دەوڵەمـــەنـــــــتر نیــــــت
چونــکە مــن دایکێــکم هەیە فێـــرم دەکا و بۆم دەخـــوێنێتـــەوە.
لە پشووی هاوینەدا کاتێکی زۆر بە دەستەوەیە بۆ ئەوەی سوود لە بەهرە و توانا و ئارەزووەکانی منداڵان وەربگیرێت، یەکێک لەو ئارەزووە بەسوودانە، خوێندنەوەی کتێب و گۆڤارەکانی منداڵانە.
بنەمای دروستبوونی تاكێكی خوێنەر و ڕۆشنبیر
بە بڕوای زۆربەی خەڵکی، تەكنۆلۆژیا كاریگەریی راستەوخۆی داناوە لەسەر پرۆسەی خوێندنەوە. به‌ڵام خوێندنەوەی ئێمە بۆ تەكنۆلۆژیا هەڵەیە، بۆچی نەمانتوانیووە سوود لە تەكنۆلۆژیا وەربگرین بۆ زیاتر پێشخستنی بواری خوێندنەوە؟ لە وڵاتانی ئەورووپایی کە خۆیان سەرچاوەی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیان، پرۆسەی خوێندنەوە لاواز نەبووە. گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ خۆی بیهەوێت بخوێنێتەوە. ئەرکی بەرپرسانی دەوڵەتیە کە گرنگیی تایبەت بدەن بە كتێبخانەی منداڵان، هەتا بینا و شوێنی پێویستی تایبەتی خۆی هەبێت. پێویستە بۆ داهاتوو بیر لەوە بكرێتەوە لە هەموو شارەکان كتێبخانەی گشتی تایبەت بە منداڵان بكرێتەوە، چونكە ئەزموونی میللەتان و وڵاتانی دیکە هەن لەوەی كە پڕۆسەی خوێندنەوە لە تەمەنی منداڵانە بووەتە بنەمای دروستبوونی تاكێكی خوێنەر و ڕۆشنبیر. ڕێكخراوە تایبەتەکان بە مافی منداڵان و كۆمەڵگەی مەدەنی لەمبارەیەوە دەبێت هەنگاو هەڵگرن و هاوکاری بکەن لە ڕێنوێنیی بەرپرسان و خەڵک لە سەرنجدان بە پرۆسەی خوێندنەوە و کتێب و گۆڤار و نووسینی تایبەت بە منداڵان.
خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار بۆ منداڵان
بۆ ڕاکێشانی منداڵ بەرەو خوێندنەوە هیچ نهێنییەک نییە کە بە دوایدا بچین، تەنیا ئەوەی کە منداڵانمان ئازاد بن تا ئەو شتەی کە خۆیان خۆشیان دەوێت هەڵیبژێرن؛ زۆربەی منداڵان لە سەرەتای ژیانەوە زۆر بایەخ بە خوێندنەوە نادەن؛ بەڵام باشترین خەڵاتی دایکان و باوکان و گەورەکان ئەوەیە کە یارمەتیدەریان بن لە دۆزینەوە و هێشتنەوەی هەستی خۆشەویستیی منداڵان بۆ خوێندنەوە لە هەموو قۆناغەکانی سەرەتایی ژیانیاندا.
ڕێگایەکی دیکە بۆ سەرنج ڕاکێشانی منداڵان بەرەو دنیای خوێندنەوە و خۆشەویستی بۆ کتێب، خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار و چیرۆکە به دەنگی بەرز بۆ منداڵان. مادام دایک و باوک و گەورەساڵان لە خوێندنەوەدا لە پاڵ منداڵانیان بن و هاوکارییان بکەن، ئەوا ئەتوانن هەستی خۆشەویستییان بۆ دنیای خوێندنەوە ڕابکێشن. پێشنیاری خوێندنەوەی کتێب و گۆڤاری بابەت بە دڵی منداڵان ئەتوانێ حەز و خولیای خوێندنەوە لە منداڵاندا جێگیرتر بکات.
دایکان و باوکان ئەتوانن لەگەڵ کڕینی ئامێری یاری کردن، کتێب و گۆڤاریش وەکوو دیاری بۆ منداڵانیان بکڕن و پێشکەشیان بکەن و لە کاتی کڕینی کتێب و گۆڤاری تایبەت بە منداڵان باشتر وایە منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ کتێب فرۆشییەکان و بە دڵی خۆیان کتێبیان بۆ هەڵبژێرن.
وانەی خوێندنگاکان بۆ منداڵان ماندووهێنه‌ره‌
هەبوونی کتێبخانە لە ماڵەوە و دابین کردنی بەشێکی کتێبخانە بۆ منداڵان هەنگاوێکی پۆزەتیڤە بۆ گەشه کردنی هەستی خوێندنەوە لە منداڵاندا. زۆربەی منداڵان و هەروەها گەورەکانیش لەو بڕوایەدان کە خوێندنەوە تەنیا تایبەت بە کتێبی خوێندنگاکان و لە کاتی چوون بۆ خوێندنگایە، بەڵام بە پشوودانی خوێندنگا نابێ خوێندنەوە بوەستێ بەڵکوو پێویستە هەموو ڕۆژێک کاتی خوێندنەوە لە ژیانی خۆمان و منداڵاندا دیاریکراو بێت. بەداخەوە خوێندنەوەی وانەی خوێندنگاکان زۆر کات بۆ منداڵان ماندووهێنه‌ره‌ و هەستی منداڵان بۆ خوێندنەوە لاواز دەکات؛ ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شوێن و بابەتەکانی وانە و هەروەها هەڵسوکەوتی مامۆستاکان زۆر جار لەگەڵ هەستی منداڵاندا نەگونجاوە و منداڵ بۆ خوێندنەوەی کتێبی دیکەش لە مێشکیدا هەمان بۆچوون و هەستی هەیە. توێژینەوە زانستییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە پێوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان توانای خوێندنەوە و پێشکەوتن لە خوێندندا. کتێبخانەی ماڵەوەی منداڵ، هۆکارێکی پەروەردەییە، بۆ بەهێز بوونی هـزری منداڵ و گەشەکردن و پێشکەوتن و زۆرزانی. گرنگیی کتێبخانەی ماڵەوە بۆ ڕۆشنبیرکردنی منداڵان ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە و یارمەتیی منداڵ ئەدات کە بە زانست و زانیاریی هەمەچەشنی بەسوود، ببێتە زەینتیژی و زۆرزانینی منداڵ لە گەورەییدا و منداڵ ڕابێت لە منداڵییەوە خوو بە خوێندنەوە بگرێت و کتێبیش ببێت بە هاوڕێ و بەشێکی گرنگ لە ژیانی منداڵاندا.
خوێندنەوە بۆ منداڵان دەبێتە هۆی ئەوە زمانیان پاراو بێت
خوێندنەوە منداڵان هان ئەدات کە خوو و ڕەوشتی جوان و بەرز فێر ببن بۆ ژیان و ئاراستەی ژیانی چەوت نەبن و بازنەی شارەزایی بەرفرە بێت و هەمیشە لە خوێندنەوە چێژ و خۆشی وەربگرن. خوێندنەوە بۆ منداڵان و هەروەها گەورەساڵانیش دەبێتە هۆی ئەوە زمانیان پاراو بێت و بتوانن بێ دامان و بە ئاسانی قسە بکه‌ن و بە نووسینیش گوزارشت لە ناخ و توانای خۆیان بکه‌ن و گەشە بە هزر و تواناکانی خۆیان بده‌ن.
خوێندنەوە بۆ منداڵ ئەبێتە وەڵام بۆ زۆربەی ئەو پرسیارانەی لە هزر و خەیاڵیدا ڕووبەڕووی ئەبێتەوە و کەسایەتییەکی بڕوا بەخۆبووی لێ پێک بێت. بەشێکی زۆری کەڵەشاعیر و نووسەران و ڕۆشنبیرانی بەناوبانگی جیهانی، ئەوانەن کە لە منداڵییەوە لە ماڵەوە ئاشنای کتێب و خوێندنەوە بوون یان لە خێزانێکی خوێنەر و ڕۆشنبیردا چاویان هەڵهێناوە دایک و باوکیان هاندەر و پاڵپشتیان بوون.

ئەم بابەتە لە ژمارەی 22ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.