سماییل ئەمینی
ئەفلاتوون لە کتێبە بەناوبانگەکەی واتە جمهووری لە دەفتەری سێهەمدا لە دەسپێکی ئەفسانەی ئیلیاد باسی زۆڵم و ستەمێک دەکات دەرحەق بە ڕاهێبێک و کچەکەی و دەڵێ: کریسیسی ڕاهێب لە ئاگاممنون بەرپرسی شاری ئاکایا دەپاڕێتەوە کە کچەکەی کە بە بارمتە لای ئەوە ئازادی بکا، بەڵام ئاگاممنون داواکەی کاهێن ڕەت دەکاتەوە.
کریسیس لە هەموو یۆنانیەکان داوا دەکا کە بۆ ئازادی کچەکەی هەوڵ بدەن، بەتایبەت لە دوو کۆڕی ئاترئۆس کە ڕێبەری هۆز بوون، داوا دەکا بۆ ئازادی کچە بێتاوانەکەی تەقەلا بکەن. دواتر هومێر، شاعیری ناوداری یۆنانی دەڵێ: کریسیس بە هیوای ئەوەی کە بتوانێ کچەکەی لە دەستی حاکمی زاڵم دەر بێنێ پێشکەشی بۆ گەورەکانی شاری ئاکایا دابین دەکات، هەروەها کریسیسی کاهێن لەو کاتانەدا کە یۆنانیەکان لە شەڕدان و شاری تروایان گەمارۆداوە دوعایان بۆ دەکا کە لە شەڕەکە سەرکەوتن بەدەست بێنن و بە سڵامەتی بگەڕێنەوە بۆ شارو گۆندی خۆیان و داوا لە فەرماندە سەربازیەکان دەکا کە بۆ ئازادی کچەکەی تێبکۆشن.
هومر دەڵێ؛ سەرباز و فەرماندەکان پێیان باش بوو کچەکەی کریسیس ئازاد بکرێ، بەڵام تەنیا ئاگاممنون نەبێ کە تووڕە بوو پێی وت کە لەو شوێنە نەمێنێ و ئەگەر نەگەڕێتەوە و وا بزانێ بەگورز و تەوێڵ بەندە پیرۆزەکەی ئەو دەپارێزێ بە خەتا چوە و لەبارەی کچەکەیەوە دەڵێ کە ئازادی ناکاو و بەپێچەوانەوە دەیبا بۆ ئارگوس و تا کاتی پیری بەلای خۆیەوە دەبێ، بە کریسیس دەڵێ: ئەگەر دەتەوێ بەسڵامەتی و بێ کێشە بگەڕێتەوە زێدی خۆت لە من دوور بکەوە.
دوابەدوای ئەم ڕووداوانە و ناهۆمید بوونی کریسیس لە ڕزگار بوونی کچەکەی و لەو کاتەدا کە لە ئۆردووگای سەربازەکان دوور دەکەوێتەوە، دەستی پاڕانەوە بۆلای بارەگای ئاپولۆ درێژ دەکات و لەو خۆدایە بە هەموو ناوەکان و سێفەتەکانی هاواری لێ دەکا و دەڵێ: بەهۆی ئەو هەموو پەرەستگانەوە کە بۆ ئێوەم درووست کردوە و ئەو هەموو قۆربانیانەی کە بۆ بارەگای ئێوە پێشکەشکم کردوە، داوا دەکەم کە ڕق و کین و تیرەکانی بۆ ئەم جەماعەتە بهاوێژێ و تا تۆڵەی فرمێسکەکانی ئەو لەو قەومە زاڵمە بستێنێ.
ئەفسانەی زرێبار: دەگێڕنەوە کە شارێکی مێژوویی بە نێوی زرێبار لە شوێنی زەریاچەی زرێبار هەڵکەوتوە. لەم ئەفسانەیە بەگوێرەی کتێبی زەکایی یەحیا هاتوە کە دەروێشێک لە گەڵ هاوسەرەکەی لە نزیک شاردا تێدەپەڕێ و لە لایەن سەربازانی حکوومەتەوە دەسبەسەر دەکرێن و دەیانهێنن بۆ نێو شار، ئازارێکی زۆریان دەدەن، کاری سەخت و تاقەت پڕووکێنیان پێ دەکەن و بەهۆی عەزیەت و ئازارەوە گوێچکەی گوێدرێژەکەیان کە تەنیا سەرمایەی ژیانیان بوە دەقرتێ و تەنانەت بەهۆی ئازاری زۆرەوە ژنەکەی منداڵی مردوو بە دنیا دێنێ و دەروێش کە چی تر تاقەتی نامێنێ بۆ شکایەت و پاڕانەوە دەچێ بۆ لای حاکمی شار کە ناوی فەیلەقووس بوە و گۆزارشتی حاڵ و وەزعی خۆیان دەدا بە حاکم، بەڵام بە پێچەوانەوە حاکم نە تەنیا ئەو کەسانە بە سزای تاوانەکانیان ناگەیێنێ بگرە دەست دەکا بە شۆخی و گاڵتە بە دەروێش و ژنەکەی، مام دەروێش ناهۆمیدانە لە کۆشکی حاکم دێتە دەرەوە و دەچێتە بان تەپۆڵکەیەک لای ڕۆژهەڵاتی شارەکە و لە خوای مەزن دەپاڕێتەوە کە حەقی لە حاکم و خەڵکی شارەکە بستێنێ، دەڵێ؛ سەرم لە سەر سۆجدە بەرز ناکەمەوە تا ئەم شارە و خەڵکەکەی لەگەڵ ئاو یەکسان نەکەی و لە بەینیان نەبەی.
لە خوێندنەوە وشرۆڤەی ئەم دوو داستان و ئەفسانەیە چەندین خاڵی هاوبەش و سەرنج ڕاکێش بەدی دەکرێن کە پێویستە لێکۆڵەران و مێژووناسان لە سەریان ورد ببنەوەو شرۆڤەیان لەسەر بکەن کە من لێرەدا ئێشارەیان پێ دەکەم.
١- لە هەر دوو ئەفسانەکەدا ئەکتەری سەرەکی کەسێکی مەزهەبی و ئایینی بوە، کریسیس ڕاهێبێکی مەزهەبی و لە ئەفسانەی زرێباریشدا کەسی یەکەم دەروێش بوە.
٢- لە هەر دوو گێڕانەوەدا زۆڵم و زۆر دەرحەق بە ژنان کراوە، کاهێن کچەکەی بە بارمتە گیراوە و لێرەدا ژنی دەروێش بە هۆی ئازارەوە منداڵی لە بار دەچێ.
٣- لە هەر دوو ئەفسانەدا پیاوانی ئایینی کاتێک دەرەتانیان نامێنێ بۆ ئاخر جار دەچن بۆ لای حاکمی شار تا حەقیان بستێنێ
٤- حاکمەکان نە تەنیا هیچیان بۆ ناکەن، تەنانەت گاڵتەیان پێ دەکەن و لە کۆشک دەریان دەکەن.
٥- لە هەردوو لا کاهێن و دەروێش بۆ کاتێک لە ئەستاندنی مافی خۆیان ناهۆمێد دەبن لە خوای مەزن دەپاڕێنەوە کە ئەم قەومە زاڵمانە بە سزای کردەوە ناشیرینەکانیان بگەیێنێ.
شتێک کە بۆ هەموومان ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە کوردستان و ناوچەی مەریوان لە هێرشی ئەسکەندەری مەقدوونی و یۆنانیەکان بۆ سەر ئێران داگیر دەکرێ و بۆ ماوەیێکی زۆر وڵاتی ئێمە دەکەوێتە دەست داگیرکەر. یۆنانیەکان تێکۆشاون بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانن بە سەر خەڵکی ئەم ناوچەیەدا زاڵ بن فەرهەنگ و کەلتووری خۆیان بەسەر دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بسەپێنن، تێکۆشاون تا دەتوانن ناوی گۆند و کەش و کێوەکان بگۆڕن و بیکەنە یۆنانی، دەبینین ناوی یەکێک لە گەورەترین کێوی نزیک لە شوێنی مانەوەو حەسانەوەی خۆیان دەنێن “فەیلەقووس”، یان چەندین گۆند ناوی سەردارانی یۆنانی لەسەرە.
دیارە خەڵکی ئەم ناوچە بە ئاسانی ئاوو خاکی خۆیان نەداوەتە دەس داگیرکەر تا بۆیان کراوە دژی لەشکری بێگانە شەڕیان کردوە و دوای ماوەیێک کە ناچار دەبن دەسەڵاتی بێگانە وەر بگرن، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دژی وەستانەتەوە. ئەفسانەی دەروێش و زرێبار، ڕادەی زڵم و زۆری داگیرکەری بێگانە لە سەر ئاوو خاکی ئێمە نیشان دەدات کە باوو باپیرانی ئێمە بەم شێوەیە ڕۆخساری زاڵمانەی داگیرکەر نیشان دەدەن.
ئەم بابەتە لە ژمارەی 22ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.
ثبت دیدگاه