ئەمجەد حەیدەری

هونەر بەشێکی دانەبڕاوەی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤە و پێناسەیەکی گرینگە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی بەهرە و تواناکانی لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا.
مێژووی دەست ڕەنگینی و خاوەن بەهرە بوون لە مرۆڤدا دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین و بەگشتی سەرەتای دەسپێکی ژیان لە ئەشەکەوت و بن بەردەکان.
هەستی برسێتی و گەرما و سەرما لە وەرزەکاندا و ترس لە ئەگەری پەلاماری ئاژەڵە کێوییەکان و هێرشی خێڵ و عەشیرە خۆجێییەکان، مرۆڤی هاندا بۆ ئەوەی جۆرە کەرەسە و ئامێرگەلێک دروست بکا بە مەبەستی بژێویی ژیان و بەرگری و خۆپاراستن لە ڕووداوە سروشتییەکان.
دەکرێ بڵێین “پێویستی” واتە (نیاز) هاندەر و فاکتەری سەرەکی و گشتی بووە بۆ هەنگاونانی مرۆڤ بەرەو داهێنان و خولقاندن و هەرلەم ڕێگەشەوە پێداویستییەکانی ژیانی دابین کردووە.
بەدرێژایی مێژوو ئەم ڕەوتە بەرەو گۆڕان و مۆدێڕنیەت و لەئەنجامدا سەرهەڵدانی شۆڕشی مەزنی پیشەیی بووەتەوە و هەنگاوی جیدی و لێهاتووانەی بۆ هەڵگیراوە.
وڵاتە زلهێز و خاوەن دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکانی ڕۆژئاوا، لە ئاستێکی بەربڵاودا کەوتنە مونافەسە و بەکەڵک وەرگرتن لە هێزی کاری کرێکاران لە چوار گۆشەی جیهاندا باڵیان بەسەر بازاڕ دا کێشا.
“کورد”یش بەشێکە لە کۆمەڵگەی جیهانی کە لەم نێوەدا پشکی خۆی بەرکەوتووە و بەدرێژایی مێژووی پڕ هەورازونشێوی خۆی لەلایەن حکوومەتە ناوەندییەکانەوە کەوتووەتە بەر ڕمڵی تیژی هەڕەشە و گوشار و کۆچی زۆرەملی.
هەر ئەمەش بووەتە هۆی پشت بە خۆبەستن و کەڵک وەرگرتنیان لە ئامێر و کەلوپەلە سەرەتاییە ڕۆژانەییەکان بۆ بەڕێوەبردنی ژیان.
هەستی داهێنان و ئافراندن جۆرێک بەهرە و لێهاتووییە کە ئەمە لە وجودی هەموو کەسێکدا بەدی ناکرێ و دەرگاکانی زانست هەر لەم دەلاقەوە خراوەتە سەرپشت.
دابەش بوونی کۆمەڵگە بەسەر ژیان و گوزەران لە گوند و شارەکاندا، قۆناغێکی دیکە لە شارستانیەتە، کە ئەم کولتوورە لێرەشدا ڕەنگدانەوی بەرچاوی بووە.
وەک ئێستاکەش پاش ساڵانێکی زۆر دەبینین لە هەورامان و گوندەکانی ئەو ناوچەیە، بە کەڵک وەرگرتن لە کەلوپەل و مادەی “خاو” دەیان جۆری کەرەسە و ئامێر و پێداویستیی سەرەکیی ژیان ساز دەکرێ و وەک دیارییەکی بەنرخ و ئەنتیکی خۆماڵی دەپارێزرێ و پێشکەشی ئازیزانی دەکەن.
جاجم و فەرش و ڕاخەر هەتا ڕانکوچۆخە و پەسەک و پشتێن و کڵاشی دەسچن، نانەشان و قوڵینە و سەبەد و کەوچک و پنە و تیرۆک و دەیان جۆری پێداویستیی ژیان، نموونەگەلێکن لە لێهاتوویی و دەست ڕەنگینی خەڵکی ئەم دەڤەرە و پشت بەستن بە هێز و تواناکانی خۆیان.
جۆری دیزاین و مێعماریی خانووەبەرە لەم ناوچە دەگەڕێتەوە بۆ کەشوهەوای سەقامگیر لەم ناوچانە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی داڕشتنی شێوەگەلی مێعماریی جۆراوجۆر و ڕەسەنایەتیی کولتووریی ئەم دەڤەرەمان بۆ دەرئەخەن.
هونەرمەندانی خاوەن بەهرە و خۆش زەوق، بەکەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی پێشینیان و داهێنانگەلی نوێی ئەمڕۆژی، بەردێکی دیکەیان لەسەر بینای شارستانییەتی خەڵکی ناوچەکە داناوە و خۆبەخشانە و هەندێ جار بە بڕە پارەیەکی ئەوتۆ میراتێکی کۆن و بەنرخیان لەژێر داروپەردوی داڕماوی گوزەری مێژوودا دەرهێناوەتەوە.
لەڕاستیدا دەکرێ بڵێین ئەم هونەرمەند و خاوەن بەهرانە “موڵکی گشتین” و پێویستە وەک کەسانی خاوەن هزر و بیرۆکە و دەست و مەچەک ڕەنگین ڕێزیان لێ بگیردرێ و بەچاوی حورمەتەوە سەیر بکرێن.
وچانێک لە “یـــانە”کەی جەهانی، پەلکێشی کردم بۆ دونیایەکی دیکە؛ دونیایەک لێوانلێوی سادەیی و پڕاوپڕ لە هەست و حەزی تامەزرۆی بەجێماو لە گوزەری ژیان.
دەرگای تەختەبەن و ئەڵقەڕێزکراوی “یانەی کوردەواری” دەرگایەکی دیکەی بەسەر یاد و بیرەوەرییەکانی چەندین ساڵەمدا خستە سەرپشت.
حەوش و حەسار و گوێسەبان، هەتا دەگاتە هۆدە و هەیوان و بانیجە، نیشانەی بیرۆکەی جوانی هونەرمەندانە و قووڵ بوونەوە لە دونیای ڕەسەنایەتی و دڵسۆزی و وەفایە و یادهێنانەوەی سەردەمانێ کە بەرەبەرە تێکەڵی مێژوو بووەتەوە.
کاتێ لە ژووری بەفەرش ڕاخراوی دەسچنی کوردی دەحەسێیتەوە و پشت لە زۆپای دارین ئەکەی و ناوشانت ئارەق دەکا، گوڕ و تینی سەردەمی هەرزەکاریت بە هەموو لەشتدا دەگەڕێ و دەتخاتە قیتەقیتی سەر حەسار و گوێسەبان و لە دڵەوە تامەزرۆی ژوانگە دەکەی و سەرنجت بۆ ڕێگای کانی قەراخ ئاوایی دەڕوات.
بۆنی ڕێحانە و هەزبێ، تێکەڵی ژاڵە و لاولاوی گوێ بانیجە دەبێ و پەرداخێ دۆی توورەکەی هەڵواسراوی کاتی ئێوارانی لادێ دەستی نەوازش بەسەر برینەکانی هەرگیز ساڕێژ نەبووتدا دێنێ.
لە ژێر تیشکی سێحراوی چراتۆڕ و قوتیلکەی بەرهەیوان و داڵان و حەوشەدا ، مانگەشەو دەبێتە کیژۆڵەیەکی شەرمنی کراس زیوین و لەودیو هەورەکانەوە خۆ حەشار ئەدا.
شنەی فێنکی شەماڵ لە دەلاقەی ژوورەوە بە نێو سمڵ و ڕێحانەی قەد عرووسیدا دەگەڕێ و ئاوپرژێنی سەحرای وڵاتی دڵت ئەکا و کانی و تاڤگەگان ئەتەقێ و پوونگە و کوزەڵە سەردەردێنن و ئومێدیش چەکەرە ئەکا.
ئاخر دەمێکە و ساڵانێکی یەکجار زۆرە پلووسکی سەربان، خوڕەی ئاوی لێ نایەت و دەنگی شوانەی ڕەنجەڕۆ بانگێشتی خاتوونەکان ناکات بۆ مەڕدۆشین و قیژە و قریوەی جەحێڵانی سەربانان، کیژان بەرەو کانی لاماڵان ڕاناماڵێ.
ژەمێک خواردنی کولێرە و دۆخەوای تاسۆخی ئێواران بەدەستی خاتوونێکی شاژنی کۆڵەنجەپۆشی مێخەک لەمل، دەستی منداڵی لاساری ناخم دەگرێ و دەمبا بۆ ئەو ڕۆژانەی دایکی مێهرەبانم دەستی نەوازشی بەسەرمدا دەهێنا و هێلکەی ڕەنگاوڕەنگی نەورۆزی بۆ دەنەخشاندم.
کیان جەهانی خاوەن مێژوویەکی درەوشاوەی هونەرییە کە “یانەی کوردەواری”ەکەی لاپەڕەیەکی ڕەنگینتری بۆ تۆمار کرد و تاجە گوڵینەی لەسەر هەموو ماڵێکی ئەمشارە و چڵەنێرگزێکی لە یەخە و بەرۆکی خۆیدا.
جەهانی وەک خاوەن بەهرە و بیرۆکەگەلی کولتووری، تێکەڵ بە ژیانی سەردەمیانە لە “یانە”کەیدا هەستاوە بە سازدانی کۆمەڵە چالاکی گەلێکی ڕۆشنبیری و کۆڕی ڕێزڵێنان لە بەشێک لەو کەسایەتیانەی وەک چالاکی ئەکتیڤ و مەدەنی هەڵدەسووڕێن.
بەڕێوە چوونی ئێوارە کۆڕێکی زانستی بۆ نەخۆشە درێژخایەنەکانی تووشبووانی (MS) بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نەخۆشەکان و بنەماڵەکانیان، نمووونەیەکی دیکە لە خاوەن هەست و سۆز بوون و پڕ بەرهەم بوونی سفرە و خوانی “یانە”یە.
لە ڕاستیدا ئەمجۆرە سازکردن و نوێگەرییانە هێمایەکە لە “ڕچەشکێنی” و دڵسۆزی و هاندان و بوار ڕەخساندن و بڕەودان بە فەرهەنگی کاری ڕێکخراوەیی لە مەریوان.
مامۆستا شەهاب ڕەزایی هونەرمەندی لێهاتوو و بەتوانا، چالاکانە قۆڵی یارمەتیی لێ هەڵماڵی و بەوپەڕی دڵسۆزی و شارەزایانە، خەرمانێک لە دابونەریت و کولتووری بەر گەردەلوولی ڕۆژگاری کۆکردەوە و لە “یانە” خنجیلانەکەی کوردەواریدا وێنەی تابلۆیەکی بەنرخی بە مێژووی ئەمشارەدا هەڵواسی.
گۆشە نیگا و سەرنجم بۆ کاری هونەری و بەرزنرخاندنی هەوڵ و ماندوبوونی کیان جەهانی و سەرجەم ئەو کەسانەیە کە بەپێزترین دیاریان پێشکەشی جەماوەری مەریوان کرد و وێنەی سەربازی بێ ناونیشان کز سووتان و کەم دەرکەوتن.
بێگومان لەم نێوەدا دەستەوەستانی و کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار بۆ هاوکاری و پاڵپشتی لەم کارە بەنرخەدا دەردەکەوێ و هەرئەمەش بەڵگەیەکە بۆ لاواز بوونی بووژانەوەی بواری گەشتیاری و پەرەپێدانی فەرهەنگی لە ناوچەکەدا.
لە ژمارەی22ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.








ثبت دیدگاه