شرۆڤەیەک لە سەر کوشتنی کۆڵبەران
زانیار شەریفی
بێ گومان هەواڵی کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەران لە سەر سنوورەکانی کوردستان، بۆ ڕای گشتیی خەڵکیی، جێگای سەرنج و تێبینیە. یەکەم پرسیار ئەوەیە کە بۆ چینێک بە ناوی کۆڵبەر دروست بووە؟ دووهەم پرسیاریش ئەوەیە کە، بۆ کۆڵبەر زیاتر لە کوردستان بەرچاو دەکەوێت؟
سەرمایەداری خەڵکانێک، دەخاتە پەراوێزەوە
لە وڵامی پرسیاری یەکەمدا دەبێ ئاماژە بکەین بەوەی کە سیستەمی سەرمایەداری ئامانجی ئەوەیە کە زێدەبەها(ارزش اضافی)ی فراوانتر بەدی بێنێت و لە چەرخەی کۆجێ کردنی سەرمایە بیخاتە گەڕ، واتا سەرمایەداری لە ڕاستای دابین کردنی ئاسایش، خۆشگوزەرانی و دابین کردنی پێداویستیی مرۆڤەکان نییە، بەڵکوو لە پێناوی زیاتر کۆکردنەوەی سەرمایەدایە لە پێناوی خودی سەرمایە، واتا سەرمایە بووەتە خودایەکی جەبار کە هەموو مرۆڤەکان بوونەتە بەندەی ئەو خودایە. سەرمایەداری بەهای بەکارهێنانی پشتگوێ خستووە و تەنها بۆ بەهای گۆڕینەوە(ارزش مبادله) هەڵدەسووڕێت. بێگومان لە سەر ئەم بنەمایە، خەڵکانێک کە “توانای کڕینیان” نییە و ناتوانن پێگەیەک لە نێو بازاڕدا بۆخۆیان دابین بکەن، ئەچنە پەراوێزەوە و دەست بە تێکدانی بازاڕ دەکەن کە بێگومان بازاڕ، بەهۆی تایبەتمەندیی پاوانکارانەوە، دەست ئەکات بە سەرکوتی ئەو کەسانە و بەتایبەت لەو ڕووەوە کە بازاڕ لە کێبڕکێی نایەکسان، سەرکەوتن بۆ دەسەڵاتداران و سەرمایەی گەورە دابین دەکات. لە ڕاستیدا بازاڕ، گونجایشێکی سنوورداری هەیە بۆ وەرگرتنی هێزی کار، هەر بۆیە بەشێک لە هێزی کار، بێکار دەبن ئەوکات ڕوو دەکەنە کاری نابەرهەمهێنەر وەک دەستفرۆشی، فاڵ گرتنەوە، قاچاخ و… بەڵام پاوانکاران(انحصارات) ئەم کەسانە بە مەترسی و تێکدەری ئابووری ئەدەنە قەڵەم و دەیانەوێ بیانسڕنەوە، هەر بۆیە زیندان، یان کوشتن چارەنووسیانە.
لە سیستمی ناوەند-پەراوێز، کوردستان ناوچەیەکە بۆ دابین کردنی کاڵا، کەرەستەی سەرەتایی، کارکەری هەرزان و کڕینی کاڵاکانی ناوەند
لە وەڵامی پرسیاری دووهەمدا دەبێ باسی تیۆریی پەرەسەندنی ناهاوسەنگ(توسعەی نامتوازن) بکرێت، چونکە لە ڕاستیدا کۆجێ بوونی سەرمایە پێویستی بەوەیە کە ناوچەگەلێک دوا بخات و ناچاریان بکات شێوازی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بازرگانی و وردەبورژوازی پەرەی پێ بدەن و بکرێنە سەرچاوەی کەرەستەی خام و بازاڕێک بۆ فرۆشی کاڵای پیشەیی باڵادەست. واتا سەرمایەداری بیر لەوە دەکاتەوە کە بەرهەمهێنانی پیشەسازی لە ناوچەیەکی دیاری کراو یان نەتەوەیەکی دیاری کراو قۆرخ بکات و ناوچەکانی تر ببنە پاشکۆی سەرمایەکانی هەرێمی ناوەند. لێرەدا سیستمێکی ناوەند-پەراوێز بەدی دێت. بێگومان کوردستان، بەس ناوچەیەکە بۆ دابین کردنی کاڵا، کەرەستەی سەرەتایی، کارکەری هەرزان و کڕینی کاڵاکانی ناوەند. جا ئەو سەرمایەدارییەی ناوەند نێوی خۆی دەنێت بەرهەمهێنانی خۆماڵی(تولید ملی) بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئەم وەبەرهێنانە نیشتمانییە(خۆماڵیە) هی کام نیشتمانە، کوردستان یان ناوەندی تەنها؟ و ئینجا ئەم کۆڵبەرانە لە ڕوانگەی بەرهەمهێنانی نیشتمانییەوە وەک هاوردەکارانی کاڵای بێگانە پێناسە دەکرێن لە حاڵێکدا بۆ کوردێکی بێکار خودی کاڵای نیشتمانی واتا کاڵای ناوەند، کاڵایەکی بێگانەیە. بۆ کۆڵبەرێک هیچ جیاوازییەکی نییە کە ئەو کاڵایەی بە کۆڵیەوەیە بەرهەمی کام وڵات، گەل یان کۆمپانییە؟ بۆ کوردێک “تولید ملی” ناوەند شتێکی بێ دەسکەوت و نامۆیە و تەنانەت مەترسییە.بۆ کۆڵبەرێک کاڵای “ملی” ناوەند هیچ ڕێزی زیاتر نییە لە کاڵای ئاڵمان، تورکیا یان ژاپۆن، چونکا بۆ بازاڕی کوردستان کاڵای ناوەندی فارس هەر وەک وڵاتانی دیکە، بێگانەیە.لەبەر ئەوەی ئەگەر وەبەرهێنانی پیشەسازی لە کوردستان گەشەی پێ نەدرێت مانای ئەوەیە کە کوردستان خاوەنی بەرهەمی “ملی” نییە و ئیدی بەرژەوەندیی سەرمایەی تاران یان بەرلین وەک یەک چاوی لێ دەکرێ و دەژمێردرێ، کەوابوو کۆڵبەری لە دەرەنجامی سیستەمی ناوەند-پەراوێزەوە، پەرە ئەستێنێت.
هەناردنی ئاو لە کوردستانەوە بۆ ناوەند، بە نرخی خۆڕایی و بێ بەرانبەر، زیاتر ڕوخساری پەراوێزبوونی کوردستان دەردەخات
بێگومان بەستێنی پێکهاتنی چینێک بەناوی “کۆڵبەر”، تەنها بەم چەند ڕستەیە، شرۆڤە ناکرێت، بەڵکوو دەبێ لە ڕەهەندی ئابووریی ڕامیاریی(اقتصاد سیاسی) کوردستان بکۆڵینەوە؛ هەر بۆیە لێرەدا چەند ئاماژەی کورت بە “شێوازی بەرهەمهێنانی کوردستانی” پێویستە. سیستمێکی ئابووریی کوردستان، وابەسته بە سەرمایەی ناوەندە، واتا بە پێی تیۆری “پەرەسەندنی وابەستە” دەبێت کوردستان بە “پەراوێز”ێک بۆ پیشەسازیی ناوەندی بدرێتە قەڵەم.
لە کوردستانەوە کەرەستەی سەرەتایی هەناردە دەکرێت بۆ پیشەکانی ناوەند، کە دەکرێت ئاماژە بە هەڵکەندنی کانگای ئاسن، بەرد، ئاڵتوون، مس و… بکرێت کە بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، کەلوپەلی ناوماڵ، ئامێرەکان، کەرەستەی بیناسازی و… بەکاردەهێنرێن، بە بێ ئەوەی نرخەکەی کرابێت بە بودجەی خزمەتگوزاری بۆ کوردستان. واتا بەخۆڕایی ئەم سامانە نیشتمانیانە دەگوازرێنەوە بۆ پیشەگەلی ناوەند. هەروەها هەناردنی ئاو لە کوردستانەوە بۆ ناوەند، بە نرخی خۆڕایی و بێ بەرانبەر کە دەچێتە بواری بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، کارەبا، پەترۆشیمی، خواردنەوە و… زیاتر ڕوخساری پەراوێزبوونی کوردستان دەردەخات. کڕینی بەرهەمی کشتوکاڵی و باخەوانی و هەنگداری و ئاژەڵداری بە نرخی هەرزان و هەناردنیان بۆ ناوەند بۆ ڕێکخستنی بەرهەمهێنانی پیشەیی و دواتر فرۆشتنەوەی ئەو کاڵا پیشەییانە بە شارۆمەندان لە بازاڕی کوردستان بە نرخی گران تر. بەشێکی تر لە ئەرکی مێژوویی کوردستان، پەروەردە و هەناردەکردنی هێزی کاری هەرزانە بۆ پیشەدروشتەکانی بۆرژوازیی ناوەند. بۆ نموونە بە شێوازێکی بەربڵاو هەبوونی کارکەرانی کورد لە کارگەکان، گەڵاڵەگەلی میترۆ، بیناسازی، بارهەڵگرتن و… بەرچاو دەکەوێت کە نەتەنها نرخیان هەرزانترە، بەڵکوو لە پاڵپشتی سەندیکاییش بێ بەهرەن. لە ڕوانگەیەکی گشتی دەتوانرێت پێوەندیی دیالکتیکیی “ناوەند” و “پەراوێز” لە ئێران ڕەچاو بکرێت کە تێیدا نەک تەنها پەراوێزێک وەکوو “کوردستان” بەڵکوو مەترۆپۆلی “ناوەند”یش دەبنە قوربانیی ئەم پێوەندییە. بۆ نموونە کێشەگەلی ترافیک، کۆجێیی ژمارەی دانیشتوان، تاوان و ناهێمنی، هەژاری و درزی چینایەتی، دووکەڵ و تێک چوونی ژینگە، کەمبوونی خانوو و… لە دەستەی ئەو کێشانەن کە بۆرژوازیی ناوەند لە گەلیدا ڕووبەڕووە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پەرەی سەندووە و تەنانەت ئەفسانەی گواستنەوەی پایتەختی، بە خەیاڵی ناوەندگەراکاندا هێناوە…
کۆلۆنیالیزمێکی نەتەوەییە کە کۆڵبەری کورد دادەپڵۆسێنێت، نەک چەوسانەوەی چینایەتی
بەکورتی، دیاردەی کۆڵبەری دەرەنجامێکە لە گەشەی بۆرژوازیی ناوەند و وەک مەترسییەک بۆ گەشەی پیشەسازیی ناوەند دەردەکەوێت .
لە کۆتایی ئەم باسەدا ورووژاندنی دوو خاڵ گرنگە: یەکەم، ئەوە تەنها دەوڵەمەندانی ”ناوەند” نین کە لە سڕینەوەی کۆڵبەراندا قازانج دەبەن، بەڵکوو کرێکارانیشیان لە کوشتنی کۆڵبەر قازانج دەکەن، چونکە کاتێک کۆڵبەرێک لە سەرسنوورەوە کاڵای “هەندەران”هاوردە دەکات، بازاڕی کالای ناوەندی، بەرتەسک دەکاتەوە و ئەبێتە هۆی بێڕەونەقیی کارگەکانی ناوەند و بێکاریی کرێکارانیان، هەر بۆیە ئەمە کۆلۆنیالیزمێکی نەتەوەییە کە کۆڵبەری کورد دادەپڵۆسێنێت، نەک چەوسانەوەی چینایەتی. کەوابوو کرێکارانی ناوەند و کۆڵبەرانی پەراوێز(کورد) بەرژەوەندییان ناکۆکە و یەکگرتنیان ئەفسانەیە.
دووهەم خاڵ ئەوەیە کە هێندێک کەس داوا لە دەوڵەتی ناوەندی دەکەن کە لە کوردستان کارگەی پیشەیی دابنێت بۆ ئەوەی لە کوردستان کار و پیشە فەراهەم بکات، بەڵام پرسگری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ئایا دروست کردنی کارگە لە کوردستان، نابێتە هۆی ڕکابەریی ئەم کارگەیە لەگەڵ کارگەکانی ناوەند و هەرەس هێنانی ئەوان؟ و ئنجا ئەم کارگانه کە بڕیار بێت دەوڵەت دروستی بکات چی بەرهەم دێنن، پێداویستییەکانی ئەوان یان بۆرژوازیی ساوای کوردی؟
لە ژمارەی 22ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.
ثبت دیدگاه