ئازاری جنسی منداڵان
18 اکتبر 2017 - 9:20
شناسه : 120893
بازدید 483
پ
پ

خەلیل خاوەریان


ئازاری جنسیی منداڵ، بریتییە لەوەی کە کەسێکی گەورە و باڵق لە بەر هەبوونی هێز و کنتڕۆڵی زیاتر بە سەر منداڵانەوە بتوانێ دەسدرێژیی جنسی بکاتە سەریان. لاوازترین بوونەوەر لە ڕووی پاراستن لە بەرانبەر توندوتیژییەوە منداڵانن، بە تایبەت ئەگەر توندوتیژیی جنسی بێت. لەپۆل(لمس) کردنی ئەندامی جنسیی منداڵ، چ بە شێوەی ڕووت یان شاراوە، یان هاندانی منداڵ بۆ ئەنجامدانی ڕەفتاری جنسی و هەروەها ئەنجامدانی هەر کردەوەیەکی جنسی لە پێش چاوی منداڵ و کەڵک وەرگرتن بۆ کاری پورنۆگرافی، ئەمانە هەمووی لە چوارچێوەی ئازاری جنسیی منداڵاندا جێگیر دەبن. پێویستە ئەوە بزانرێ کە توندوتیژیی جنسی بۆ سەر منداڵ، هەمیشە تەنها جەستەیی نییە؛ بەڵکوو منداڵ ناچار کردن بۆ ناو هه‌ر چوارچێوەیەک کە پێوەندی بە بابەتی جنسییەوە بێت، خۆی توندوتیژی یان ئازاری جنسییە. ئازار و دەسدرێژیی جنسی بۆ سەر منداڵان زۆربەی کات شاراوەیە، بەڵام زۆر کات لە ڕووی هەڵسوکەوت و رەفتاری منداڵەوە ئەتوانین ئاگاداری ئەوە ببین کە منداڵ ڕووبەڕووی دەسدرێژیی جنسی بووەتەوە. زۆرێک لە منداڵان بە هۆی شەرم و هەروەها ترس لە گەورەکان و ئەو کەسەی کە دەسدرێژیی جنسی کردووەتە سەریان، ناوێرن دەری بخەن کەوا به‌ شێوازێک ئازاری جنسییان بینیوه‌ و لە باری دەروونییەوە تووشی ناڕەحەتی و بێ متمانەیی بە گەورەکان ئەبن.
بەپێچەوانەی باوەڕی گشتی، کە وا هەست ئەکەن تەنها کچان ڕووبەڕووی توندوتیژیی جنسی ئەبنەوە، مەترسیی جنسی هەمیشە وەک هەڕەشەیەک بەسەر منداڵانەوە هەیە، چ منداڵی کچ و چ منداڵی کوڕ. له‌ زۆر حاڵه‌تدا دەسدرێژیی جنسی بۆ سەر کچان ئاشکرا دەکرێت و سکاڵا لە دژی دەسدرێژکەر دەکرێت، یان منداڵه ‌کچەکە‌ بەناوی ماف نەفەوتانەوە ئه‌کرێته‌ هاوسەری که‌سی ده‌سدرێژکه‌ر. بەڵام بۆ کوڕان لە بەر ئابڕوو نەچوون و شەرم کە وەک عورفێکی کۆمەڵایەتی وایە، شاراوە دەمێنێتەوە؛ کە ئەمە خۆی لە بنەڕەتدا هەڕه‌شەیەکی گەورەیە بۆ سەر کۆمەڵگا، توندوتیژی بۆ سەر منداڵ، دیاردەی قەرەبوو نەکراوەی لە سەر دەروون، جەسته و ژیانی منداڵ دەبێت و پێویستە بە ساکاری لەم دیاردانە نەڕوانین و هەڵوێستی گرنگ بگرین.
ئەگەری ڕوودانی توندوتیژییەکی جنسی بۆ سەر منداڵان
لە ئەگەری ڕوودانی هەر جۆرە توندوتیژییەکی جنسی بۆ سەر منداڵان، پێویستە گەورەکان بە نەرمی و دوور لە تووڕەیی مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەدا بکەن. ئاشکرا بوونی دەسدرێژیی جنسی بۆ سەر منداڵ لە گۆمەڵگایەک کە باس کردن لە سێکس و جنسیەت وه‌کوو شه‌رم و تاوان سەیر دەکرێ، بۆ منداڵان زۆر سەختە و منداڵ و لەوانەیە ئەو توندوتیژییە تا تەمەنی گەورەیی لە ناخی خۆیدا هەڵگرێ. جیاواز لەوەی کە دەسدرێژیی جنسی بۆ سەر منداڵان ئەتوانێت ئاسەواری فیزیکی بە سەر جەستەیەوە دابنێ، ئاسەواری دەروونی زۆر زیاترە و دەرمان و چارەسەریشی گرانترە و ئاستەنگی زیاترە.
تێگەیشتن لە هەستی منداڵێک کە ئازاری جنسی دیوە، زۆر دژوار و گرانە؛ دەسدرێژکەر هێز و کونتڕۆڵی هەست و فیزیکی خۆی بە سەر منداڵدا زاڵ کردووە؛ هەر بۆیە منداڵ زۆربەی کات بێدەنگە و بەم ئازارەوە ژیان کردن زۆر ئەستەمە .
ئازاردانی جنسی لە لایەن هەر پیاو، ژن، یا گەنجێک و مێرمنداڵێکەوە بۆ سەر منداڵ ئەتوانرێ ئەنجام بدرێت؛ ئەو کەسەی ئازاری جنسی منداڵ ئەداتم لەوانەیە گەورەتر بێ لە منداڵ یان نزیکترین کەسی منداڵ بێت؛ گرنگ نییە کەسی ئازاردەر لە چ کۆمەڵگا و بە کامە کولتوور و یا خود لە سەر چ بیر و بڕوایەک بێت. پیاوان زیاتر لە ژنان ئازاری جنسیی منداڵان ئەدەن و ئەم کەسانە هەر وەک مرۆڤێکی ئاسایی خۆیان نیشان دەدەن و ناسینی ئەم کەسانە زۆر ئاستەمە؛ منداڵ بە باشی ئەو کەسانە ئەناسن و زۆر جار متمانەی تەواویان پێیان هەیە. بەڵام لە بەرانبەر ئازاردانیان بێدەنگ دەبن و ئەو بێدەنگییە بە تاوانباری و هەڵەی خۆیان دەزانن و بەردەوام لە لۆمەی کەسانی تر دەترسن کە دەربکەوێ لە لایەن کەسێکی ترەوە دەسدرێژی کراوەتە سەریان.
منداڵانی قوربانیی ئازاری جنسیی
منداڵان لەوانەیە لە لایەن نزیکترین که‌سی خۆیانه‌وه‌ یان هەر کەسێکی تر کە سەرپەرشتیی ئەوان ئەکەن، ئازاری جنسی بدرێن. منداڵە نیسبەت بچووکەکان یان ئەو منداڵانەی لە باری جەستەیی و دەروونییەوە ناتەواوییان هەیە، بە شێوەیەکی ئاسایی زیاتر لە منداڵانی دیکە، ئەکەونە بەر هێرشی ئازاری جنسیی گەورەکانەوە. چونکە ئەوان توانای دەربڕینی ناڕەحەتی و سکاڵایان نییە و بەئاسانی متمانە بە کەسی ئازاردەر دەکەن.
منداڵان بە شێوەیەکی ئاسایی کەسی ئازاردەر وەکوو کەسایەتییەکی ئارام و خاوەن سۆز دەبینن؛ بەتایبەتی ئەگەر منداڵێک لە کەشێکی ناسالم و پڕ لە ئاڵۆزی و ناشاددا بژیەت، دەرحەق بە هەست و سۆزی کەسی ئازاردەر دەبێتە منداڵێکی فەرمانبەر و گوێڕایەڵ.
منداڵانێک کە دەبنە قوربانیی ئازاری جنسیی گەورەکان، هەڵسوکەوتیان جیاوازترە و خۆیان لە بنەماڵە و هاوڕێکانیان دوور و گۆشەگیر دەکەن؛ لە خوێندنگاکانیشدا زۆر چالاک نین. هەندێ جار تووشی خەمۆکی دەبن و یا گوێڕایەڵ نین و هاروهاج تر لە منداڵانی دیکە دەردەکەون. لەوانەیە هیچ کام لەم دیاردانەیان تێدا نەبینین و هیچ کات حەز نەکەن لەگەڵ گەورەکان بە تەنیا بن. ئاکامی ئەم جۆرە ئازارنە، لە تەمەنی گەورەساڵیدا زیاتر بەرچاوە؛ کاتێ دەکەونە ناو ئەزموونێک وەکوو ژیانی هاوبەشی، کە ڕەفتاری جنسیی خۆیان دەربخەن، ئەوان ڕەفتاری هاوشێوەی توندوتیژیی جنسی دەنوێنن و ئەو منداڵانەی کە دەرگیری ئازاری جنسین، زۆر جار لەگەڵ کێشەکانی خۆیان زیاتر لە چەندین مانگ و ساڵ دەرگیر دەبن.
چۆنیەتی دوور خستنەوەی منداڵ لە ئازاری جنسی:
ـ پێویستە دایکان و باوکان هەر بەو شێوەیەی ئەندامە ئاساییەکانی جەستە بە منداڵ دەناسێنن، ئەندامە جنسیەتییەکانیشیان پێ بناسێنن و ئاشنایان کەن بۆیان و فێریان بکەن کە ئەندامی جنسیی منداڵ، بەشێکی جەستەیی تایبەتی خۆیانە و که‌سی دیکە مافی نییه‌ بیانبینێت و ده‌ستیان لێ بدات.
ــ دایکان و باوکان دەبێ منداڵەکانیان فێر بکەن کە لە نێوان ئەوان و منداڵانیان هێچ نهێنییەک لەو بارەیەوە نییە کە بیشارنەوە. منداڵ بەبێ هیچ ترس و دڵەڕاوکێ و دوو دڵییەکەوە بتوانن قسە لەگەڵ دایک و باوکیان بکەن و بۆ هەر بابەتێک چ باش و چ خراپ، سەخت و ئاسان، شاد یان غەمگین لەگەڵیان ڕاوێژ بکەن.
ــ پێویستە کە دایکان و باوکان ئەو شوێنانە باش بناسن کە منداڵەکانیان ئامشۆوڕەوتی تێدا دەکەن و بە شێوەیەکی هەستیار مامەڵە لەگەڵ ئەو گەورەساڵانەدا بکەن کە منداڵانیان پێوەندییان لەگەڵیان هەیە و چاودێریی باشی هەموو لەپۆل کردنێکی گەورەکان بکەن لە منداڵانیان.
ــ نابێت منداڵان لەگەڵ گەورەساڵاندا لە ژووری چۆڵ بە تەنیا بن و گەر کەسێکیش وەکوو پەرستار چاودێریی منداڵ دەکات، باشتر وایە هەڵسوکەوت و ڕەفتاری لەگەڵ منداڵەکە ڕەچاو و چاودێری بکرێت.
ــ باشتر وایە دایکان و باوکان هەر لە سەرەتای تەمەنی منداڵییەوە‌ لە ناو خێزاندا باسی ئازاری جنسی بۆ منداڵانیان بکەن و بتوانن بەئاسانی منداڵانیان لەو دیاردە قیزەونە تێبگەیەنن.
ــ بە شێوەیەکی گونجاو دەبێ پێوەندیی دایک و باوک و منداڵ لە سەر بنەمای هەڤاڵیەتی بێت؛ ئەگەر بە شێوەیەکی ئەستەم و ترساوی باس لە تابۆی جنسی و سکسی لەگەڵ منداڵدا بکرێت، دەرفەتی باس کردنی ئازاری جنسی و هۆشیاری بۆ منداڵ لە دەس دایک و باوک دەردەچێت و ناتوانن باش لە ئازاری جنسیی منداڵانیان لە لایەن کەسانی ترەوە تێبگەن.
ــ منداڵ دەبێ فێر بکرێت لە ئەگەر داوا کردنی دەسدرێژیی جنسیدا بتوانێ بڵێت “نە” و بزانێت کە ئەندامی جنسی ئەو بەشی نێهێنی و تایبەتی جەستەی خۆیەتی و هەموو کەس ناتوانێ بە هیچ بیانوویەکەوە لەپۆلی ئەو شوێنانەی بکات.
ــ منداڵ نابێت بە تەنیا لەگەڵ گەورەساڵان پێوەندی پێک بهێنێ و بچێتە ناو شەقام و ماڵە درواسێ و هاوڕێکانی و ئەو پێوەندییانە دەبێ لە سەر بنەمای متمانەی تەواو و لە ژێر چاودێریی بەهێزی دایک و باوکی بێت.
چۆنیەتی مامەڵە کردن لە ئەگەری ڕوودانی ئازاری جنسی بۆ منداڵان:
ــ منداڵ دەبێ هەر جۆرە ئازاردرانێکی جنسی بۆ سەر خۆی بناسێت و بەبێ نیگەرانی لەگەڵ دایک و باوکی باسی بکات؛ ئەگەر هات و ئازاردانەکە لە لایەن کەسێ لە ئەندامانی خێزانەکەیەوە بوو، بە شێوەیەکی توند لەگەڵ کەسی دەسدرێژکەر هەڵسوکەوت بکرێ و نەهێڵرێت منداڵەکە ترس لە ناخیدا جێگیر ببێ و دایک و باوکیش بە بێ توندوتیژی و تووڕەیی، گوێ لە منداڵەکەیان بگرن و دڵخۆشی بدەنەوە لە دووبارە ڕوودانی ئەو ئازارنە و خۆیان وەکوو پشتیوانی منداڵەکەیان مامەڵە لەگەڵ ئەو دیاردەیە بکەن.
ــ منداڵی ئازاردراو دەبێ لە هەموو بوارێکەوە پشتیوانی لێ بکرێ و هەست بکات کە ئەو هیچ بەرپرسیار نییە لەو ئازاره‌ جنسییه‌ی چێشتوویه‌.
ــ منداڵ دەبێت لە بنکەی تەندروسیدا لە بواری تەندروستییەوە تاقی کردنەوەی تەواوی بۆ بکرێ و بۆ بەدەستهێنانەوەی تەندروستیی دەروونیشی ببریەتە لای پزیشکی دەروونییەوە.
ــ دایکان و باوکان دەبێت لە گەڵ ئازاری جنسیی منداڵەکانیان، بە دوور لە باوەڕ و نەریتی باوی کۆمەڵگا، مامەڵەیان لەگەڵ بکەن و بەبێ ئەوەی نیگەرانی ئابڕووی خۆیان بن لە دژی که‌سی ده‌سدرێژکه‌ر سکاڵای یاسایی تۆمار بکه‌ن و ئەو کەسە بە پۆلیس بناسرێت و ناوەندەکانی دادگاه و یاسا نەهێڵن مافی منداڵەکە لەم بوارەدا پێشێل بکرێ.

 

ئەم بابەتە لە ژمارەی 24ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.