ئەی ئەو زامەی کە هەرگیز ساڕێژ نابیتەوە…
بەداخەوە ڕۆژی ۳ی خەرمانانی ۱۳۹۷ بیستمان پیاوی دڵسەوز “کاک شەریف باجوەر” و هاوڕێکانی لە سەنگەرەکانی پێشەوەی پاراستنی ژینگەکانی کوردستاندا دڵی جوانیان لە بڵێسەی ئاگر هەڵکشا. کاک شەریف ڕۆڵەی بە تەواو مانای میللەتەکەی و خاوەن هەستێکی مرۆڤایەتی بوو. ئێمە دەماندیت کە کۆست لە کوێ بوایە، کام لاشانی چیا و پێدەشتی ئەو کوردستانەی داگرتایە، کاک شەریف لەوێ بوو. خەونی سەوزی پەل و پۆی دارستانەکانی کوێستانی تەعبیر دەکردەوە و پرچی درێژی خەمی پێدەشتە بوومەلەرەلێدراوەکانی گەرمیانی بەشانە دەکرد.
بەڕاستی ئەم خۆشەویستانە هەر گیانیان مابوو بەختی کەن لەپێناو نەسرەوتنیاندا، بۆیە دواجار هەر لەم سەنگەرەشدا و بۆ مەڵحەم خستنە سەر زامی داربەڕووەکانی نیشتمان گیانیان بەخت کرد. هەواڵانی چیا نەسرەوت و کۆچەر بوون، بەڵام بۆ ئەم کۆچەیان هێشتا زوو بوو، ئەخەر هێشتا زامەکانی نیشتمان هەر چڵ دەدەن…
ئەندامانی “ڕێکخراوی ئیزیرتوو” بە بۆنەی کۆچی ناوادە و دڵتەزێنی ئەو پیاوە نەسرەوت و خەمخۆرانەوە، لە ناخی دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی ئەو شەهیدانەی سروشت و نیشتمان و هاوڕێیانی دڵبەخەمی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و هەموو چالاکانی مەدەنیی دڵپەرۆش دەکەن. بێ گومان وڵات بەو ڕۆڵانەیەوە هەناسە دەدات. یادیان بەرز و بەڕێز ڕادەگرین.
شوکر بۆ خودای سروشت و مرۆڤایەتی کە نوێنەرانی ئیزیرتوو شانازیی بەشداری کردن لە مەڕاسمی بەڕێکردنی ئەو پەپوولانەی پێ بڕا و سووکەئەرکێکی خۆیان بەجێهێنا. ڕێگەیان پڕ ڕێبوار بێ، لەبیریان ناکەین.
“ڕێکخراوی لایەنگرانی پاراستنی شوێنگە مێژووییەکان (ئیزیرتوو) – بۆکان”








ثبت دیدگاه